سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، ئیسرائیل پلانی هەیە ناوچەكە دابەش بكات و دەشڵێت: بەهۆی كەوتن و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، مەترسی كەوتووەتە سەر عێراق و ئەگەری هەیە سەرلەنوێ نەخشەی عێراق دابڕێژرێتەوە
نووری مالكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە وتارێكدا لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، سەرۆكی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، لە ساڵی 1967 – 1982ەوە پلانی ئیسڕائیل بۆ دابەشكردنی ناوچەكە نووسراوەتەوە، بە شێوەیەك بە پێی پلانەكە، سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە دەكرێتە كانتۆنی بچووك بچووك، كە هیچیان ناتوانن ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.
ڕاشیگەیاندووە، پێشتر ئەركی ئەوان بریتی بووە لە پارێزگاریكردن لە غەززە و باشووری لوبنان، بەڵام ئێستا ئەركیان ئاڵۆز و قورس بووە، بەشێوەیەك بەهۆی كەوتن و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، مەترسی كەوتووەتە سەر عێراق و ئەگەری هەیە سەرلەنوێ نەخشەی عێراق دابڕێژرێتەوە.
مالكی وتوشیەتی، “ئەوەی بەم دواییانە لە سووریا ڕوویدا، سەرەتایەك بۆ بەردەوامی پرۆسەی دابەشكردنی وڵاتانی ناوچەكە و لاوازكردنیان بۆ سەر وڵاتۆچكەیەك، كە ناتوانن بەرانبەر بە ئیسرائیل بوەستنەوە”.
مالكی باسی لەوەشكردووە، دوژمنەكانیان هانی عێراقییەكان دەدەن بۆ كاری تێكدەرانە و لەسەر بنەمای توانای گۆڕینی دۆخی وڵات، بەڵام بە ڕوویاندا دەوەستنەوە و شكستێكی گەورە بە پڕۆژە و پلانەكانیان دەهێنن و وڵاتانی ناوچەكەش پێكەوە پارێزگاری لە ناوچەكە دەكەن.