هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت، لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی مەنبج بەرپەرچی سەرجەم هێرشەکانمان دایەوە و دەشڵێت: ئەفسەرێكی باڵای هەواڵگری توركیا و 30 چەكداری سەر بە توركیا كوژران.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، بەرپەرچی سەرجەم هێرشی گرووپە چەکدارەکانیان دایەوە، کە لەلایەن فڕۆکەی جەنگی و درۆنی تورکیاوە پاڵپشتی دەکران لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی مەنبج، دەیان کــوژراو و برینداریش لە ڕیزەکانیاندا هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند كاتژمێری داهاتوودا وردەكاری و ئاماری هێرشەكان بڵاودەكاتەوە.
ئاشكراشی كردووە، ئەفسەرێکی تورک بە پلەی عەقید لە دەزگای هەواڵگری سەربازی کوژرا، لە بۆسەیەکدا کە هێزەکانمان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین ئەنجامیاندا، هەروەها زیاتر لە 30 چەکداریش، كە یاوەری ئەفسەرەكە بوون كوژران.
هەسەدە دەڵێت: 1200 چـەكداری دیكەمان گەیشتنە بەنداوی تشرین بۆ ڕووبەرووبونەوەی گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا.