عیماد ئەحمەد
وەک نەتەوەی کورد یادەوەریمان زۆرە، بەشی زۆریان تاڵ و کەمێکیشیان شیرینن، جاروباریش یادەوەریمان بەسەردا زاڵدەکەن و دەیسەپێنن … ڕەنگە بتوانین ناوی لێبنێین یاد و یادەوەری ناچاریی!
لە شەشی کانونی دوهەمی ساڵی (1921)دا سوپای عیراق لە سەر دەستی کۆمەڵێک ئەفسەری ئازادیخواز و نیشتیمانی پلەبەرزی ئەو سەردەمە کە زۆربەیان کورد بوون و بە دەسپێشخەریی جەعفەر عەسکەری کە کوردی خەڵکی کەرکوک بوو دروستبوو.
لەوساوە لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا ئەمرۆ هەموو ساڵێک لە (6)ی کانونی دووهەمدا لە سەرتاسەری عیراق و سەرەرای جیاوازیی لە سستەم و شێوازی حکومرانیی ئەو یادە هەر دەکرێتەوە.
مێژووی ئەم سوپایە پڕە لە رووداوی تاڵ و شیرین، بەداخەوە ئەم سوپایە بەشداربووە لە بەشێک لە شەڕە جۆراوجۆرەکانی ناو عێراق و ناوچەکەش ، ئەمە وێڕای کودەتا یەک لەدوای یەکەکانی ناوخۆی عیراق، هەروەها سەرکوتکردنی شۆڕشەکانی کوردستانی باشوور.
ئەم سوپایە نەبوو بە سوپایەکی نشتیمانیی بۆ هەموو پێکهاتەکانی ناو عیراق، بەداخەوە بوو بە ئامرازێکی کووشندە بە دەست رژێمەکانەوە بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی عیراق.
بۆ ئێمەی کورد ڕەنگە زۆرجار بەهۆی ئەو زوڵمە مێژوییەی سەرمانەوە نازانین بۆ ئەم یادە چی بڵێم؟ بە بۆنەیەکی نیشتیمانی ڕەوای بزانین و شایی و خۆشیی بۆ ساز بکەین یان رەشپۆش بین و شیوەنی بۆ بکەین و بەهاتنی خەمی ڕۆژانی ستەمکاری دامانبگرێت!
بە کورتی و کرمانجی، ئاسان نیە ئەم یادە وەکو بۆنەیەکی شانازی نیشتیمانی تەواو سەیری بکەین هەروەکو چۆن ئاسانیش نیە بەتەنها لەڕوانگەی دڕندایەتی ڕژێمەکان و پڕۆسەی جینۆساید و ئەنفاڵ و کیمیاباران و سوتاندنی دیهاتەکانمان لەڕۆڵی ئەم سوپایە بڕوانین و وەزیفەکەی تێکەڵ بە ڕەفتاری شۆڤێنستانەی دەسەڵاتدارانی عیراق بکەین کە لە دژی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەدرێژایی مێژوو هەتا ڕوخانی بەعس ئەنجامیانداوە!
لێرەدا ڕەوایە پرسیارێک لە خۆمان بکەین، بۆ چی رۆژێکمان بۆ یادی پێشمەرگە نیە لەکاتێکدا پێشمەرگە سیمبوڵی شۆڕش و تێکۆشان و ئازادیمانە ؟!
ئایا ئەمەش هەر تاوانی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستانە یان خەمساردی و بێباکی خۆمان و بەرئەنجامی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی خۆمانە!؟
لە کوردستاندا کەس نییە رۆڵی پێشمەرگە وەک فریادڕەس بۆ داکۆکی لە مافی رەوای گەلی کوردستان و وەکو بازوی بەرگری کوردستان بەرامبەر دوژمنانی نەزانێت، ئاخر هەر ئەوانن چرای ڕوناکی سەنگەری مقاوەمەت و هێزی بەرگریی کەگەلیش بوون لە رۆژگارە تاریک و سەختەکانی کوردستاندا.
پێشمەرگە مێژوویەکی دوور و درێژ و پڕ سەروەریی هەیە لە خەبات و تێکۆشاندا، لە پێناوی مافی رەوای خەڵکی کوردستاندا هەزاران هەزار رۆحی بێگەردی بەخت کردووە و روبارێک خوێنی داوە و هەزارانیشی کەمئەندام بوون کەواتە چ رەوای حەقە ئێستاش هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رووی موچە و ژیان و گوزەرانەوە، لە ژیانی کولەمەرگی و مەمرە و مەژیدا بێت؟!
لێرەدا وێڕای رێزی تەواومان بۆ ئەو هەموو رۆژ و یادە هەمە چەشنەنانەی لەم رۆژگارانەدا و لە هەرێمی کوردستاندا بۆ چێن و توێژە جیاوازەکان دانراون کەچی پێشمەرگە سیمبوڵی ئازادی و خەباتی پیرۆزی گەلی کوردستان ڕۆژێکی نیە بۆ یادەوری لە فیداکاری و تێکۆشان و قوربانیە زۆروزەوەندەکانی؟!
ئایا بەڕاستی رەوای حەق نییە، دوای زیاتر لە (30) ساڵ لە دروستبوونی قەوارە هەرێم و بوونی دەزگای سەرۆکایەتییەکانی هەرێم و دامەزراوەکانی دیکەی دەسەڵاتدارێتیمان، وەکو وەفا و پێزانین، رۆژێک بۆ پێشمەرگە دابنێین!؟
ئایا ئەرکی ئەخلاقیی و نشتیمانیی هەموو لایەنە سیاسیی و رێکخراوەیی و کۆمەڵگای شارستانی سەر گۆرەپانی کوردستان بە گشتی و سەرۆکایەتیەکانی هەرێم
بەتایبەتی نیە کە ئەم ئاواتە بهێننەدی؟
گرنگە زوبەزو لەگەڵ دەستبەکاربون و چالاکبونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دەسپێشخەریی بکرێت بۆ بەدیهێنانی ئەم ئەرکە نشتیمانییە ، بە مەش ئەم خولەی پەرلەمان دەبێتە خاوەنی سەروەرییەکی مێژووی لە کاری یاسادانان لە کوردستاندا و رۆحی سەرجەم شەهیدان و دڵی پێشمەرگە قارەمانیش شاد دەکات.
بێگومان ئومێدشمان وایە، ئەم کارە ببێتە زەمینە خۆشکەر بۆ یەکبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە ئاواتی هەموو خەڵکی کوردستان و زامنی پاراستنی قەوارەی هەرێم و کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە بۆ سەرکەوتنیشە بە سەر پیلانی دوژمنان .