سەرەڕای زیادبوونی فرۆشتنی، بەرهەمهێنانی تۆیۆتا دابەزیوە



کۆمپانیای تۆیۆتا مۆتۆری ژاپۆنی ڕایگەیاند، کە بەرهەمهێنانی جیهانی بۆ دەیەمین مانگ لەسەریەک لە مانگی 11دا دابەزیوە، تەنانەت لە کاتێکدا فرۆشی جیهانی بۆ دووەم مانگ لەسەریەک گەشەی کردووە بەهۆی زیادبوونی خواست لە ئەمریکا و چین.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕەكانی (سكای نیوز) کۆمپانیای تۆیۆتا، کە گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێلە لە جیهاندا، لە مانگی 11دا ٨٦٩ هەزار و ٢٣٠ ئۆتۆمبێلی لە جیهاندا بەرهەمهێناوە، کە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٦.٢% کەمیکردووە.

ئەمەش دابەزینێکی گەورەترە لە چاو دابەزینی لەسەدا ٠.٨ لە مانگی ئۆکتۆبەردا.

بەرهەمهێنانی تۆیۆتا لە ئەمریکا بەڕێژەی 11.8% دابەزیوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خاوبوونەوەیە سەرەڕای دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەکانی گراند هایلاندەر و لێکسز تی ئێکس ئێس یوڤی لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمدا دوای وەستانی چوار مانگ.

بەرهەمهێنان لە چین بەڕێژەی 1.6% دابەزیوە. بەڵام ئەم ژمارەیە باشترە لە دابەزینی 9% لە مانگی پێشوودا، چونکە کۆمپانیای تۆیۆتا فرۆشی ناوخۆیی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.

ڕۆژنامەی (نیکی)ی ڕۆژی دوو شەممە بڵاویکردەوە، لەگەڵ زیادبوونی BYD و براندەکانی تری چینی، کۆمپانیای تۆیۆتا بڕیاریداوە کارگەیەکی سەربەخۆ لە شەنگەهای دروست بکات و تا ساڵی ٢٠٢٧ دەست بە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بۆ براندە لوکسەکەی لێکسز بکات.

لە ژاپۆن کە نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەمی جیهانی تۆیۆتا پێکدەهێنێت، لە مانگی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی بە ڕێژەی ٩.٣% دابەزیوە، بەشێکیش بەهۆی داخستنی کارگەکانی فوجیماتسۆ و یۆشیوارا بۆ ماوەی دوو ڕۆژە.

فرۆشی جیهانی تۆیۆتا بۆ دووەم مانگ لەسەریەک بەرزبووەتەوە و بەڕێژەی 1.7% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 920 هەزار و 569 ئۆتۆمبێل، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی بۆ مانگی 11 تۆمارکردووە.

لە ماوەی مانگی (1 تا 11)، بەرهەمی جیهانی تۆیۆتا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 5.2% دابەزیوە و گەیشتووەتە نزیکەی 8.75 ملیۆن ئۆتۆمبێل، هەروەها فرۆشی جیهانیش بە ڕێژەی 1.2% دابەزیوە.

ئاماری بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکانی مارکەی لێکسزی تۆیۆتا لەخۆدەگرێت، بەڵام ئۆتۆمبێلەکانی هینۆ و دایهاتسو ناگرێتەوە.

هەسەدە كوژرانی بەرپرسێكی باڵای توركیا و 30 چەكداری ڕاگەیاند
پێت هەسەدە كوژرانی بەرپرسێكی باڵای توركیا و 30 چەكداری ڕاگەیاند
ڕۆژێكی ئەم هەفتەیە كرا بە پشوو
دوات ڕۆژێكی ئەم هەفتەیە كرا بە پشوو
پەیوەنیدر