سەرتیپ جەوهەر
دوای هەڵبژاردن دەبوو دونیا رەنگاورەنگ بێت، كەچی نەوتەكە بە تانكەرەكان هەر دەڕوا، موچە هەرنایەت و گازە ژەهراویەكەش هەر بەردەوامە
دەسەڵات جورئەتی ستەمكاریی زۆر زیاتربووە، ئەم جورئەتەی لەبێدەنگی ئۆپۆزسیۆنەوە سەرچاوەی گرتووە
ئۆپۆزسیۆن دەبێ بێتە شەقام، فشاربكات، نەك تەنها بەیاننامە دەربكات
بەپێی دروشمی هەڵبژاردنەكان بوایە، دەبوو ئێستا گۆڕانێكی زۆر لەحوكمڕانیی و ژیانی خەڵك ببوایە، بەڵام ئەوە زیاتر لەدوومانگ بەسەر هەڵبژاردن تێپەڕیوە، وەك پێشتریش گوتمان هەمان تاس و هەمان حەمامە! نەك هیچ لەژیانی خەڵك و حوكمڕانیی نەگۆڕاوە، بەڵكو خراپتر بووە. لەلایەك دەسەڵات ستەم و ستەمكاریی خۆی كەمنەكردۆتەوەو بەردەوامە لەفشاركردن لەسەر ژیانی خەڵك، لەلایەكی دیكە ئۆپۆزسیۆنێكی مردۆخ و بێدەنگ تەنها دروشمی سەر تۆڕی كۆمەڵایەتیی و موزایەدەی سیاسی هەیە.
هەڵبژاردنیش تەواوبوو، ئەوەتا تانكەرەكان هەر وەكجاران ریزیان گرتووە! موچەی خەڵك هەر دوادەكەوێت و دەخورێت! دووكەڵە ژەهراوییەكەی پاڵاوگەو كارگەكانیان بەردەوامەو هەناسەی تەنگكردوین و توشی جۆرەها نەخۆشی و دەردی كردوین! دەچیە هەر فەرمانگەیەك لەژێر ناو ناونیشانێك و لەدەرەوەی هەموو دەق و سیاقێكی دەستوریی و قانونیی كۆمپانیایەكیان داناوە بۆ ئەوەی خەڵك زیاتر بڕوتێننەوە!
لەدوای هەڵبژاردن، دەسەڵاتداران لەباتی كەمێك لەو ستەمكارییەیان كەمبكەنەوەو دەستبەرداری ئەو غرورەبن كەبەهۆیەوە ژیانی خەڵكیان كردۆتە دۆزەخ، دەبینین هەروا ژیانی زەحمەتتر دەكەن و رۆژ دوای رۆژ زیاتر ئەم خەڵكە دەڕوتێننەوە.
ئێمە دەزانین ستەمكار سروشتی خۆیەتی تا پێی بكرێت ستەم دەكات، بەڵام ئەوەی جێی رامانە بێدەنگی و پەرتەوازەیی ئۆپۆزسیۆنە بەرامبەر ئەو هەموو ستەمكارییەی دەكرێت. من پێموایە زیاتربوونی فشاری دەسەڵات و تەجاوزی زیاتری لەسەر ماف و ژیانی خەڵك، لە بێ جورئەتی ئۆپۆزسیۆنەوە سەرچاوەی گرتووە. ئێستا دەسەڵات جورئەتی لەجاران زۆر زیاتر بووە بۆ تەجاوزكردن، ئەم جورئەتەی لەبێدەنگی ئۆپۆزسیۆنەوە وەرگرتووە.
بەداخەوە ئەو ئۆپۆزسیۆنەی هەیە دەستوپێ سپیەو نەیتوانیوە ببێتە بەدیلی راستەقینەو كەمێك جورئەتی نەداوەتە خەڵك تا رووبەرووی ستەمكاریی ببنەوە، بەڵكو ئەوەی دەیبینین ئۆپۆزسیۆنیش بۆتە تەواوكەرو بەشێك لەو مەنزومە گەندەڵەی لەكوردستان هەیە! لەبری ئەوەی ببێتەهۆی فشار لەسەر دەسەڵات تا گۆڕانكاریی بكات، بۆتە كەڤەری ئەو دەسەڵاتە ستەمكارەو رووی راستەقینەی ئەم سیستمەی شاردۆتەوە.
ئەگەر دەسەڵات سەرچاوەی ستەمكاریی و نادادپەروەریی و خراپی ژیانی خەڵك بوبێت، ئۆپۆزسیۆنیش بۆتە فاكتەری نائومێدكردن و دەستلەخۆبەردانی خەڵك! ئەو ئۆپۆزسیۆنەی هەیە زیاتر دەنگە دەنگ و گارەگاری سەر تۆڕی كۆمەڵایەتیە، لەگەڵ كوژاندنەوەی مۆبایلەكان، ئیدی ئۆپۆزسیۆنیش بێدەنگ دەبێت! ئەگینا ئەو هەموو ستەمكارییەی رۆژانە بەبەرچاومانەوە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە دەیبینین، دەبوو تائێستا خۆپێشاندانێك، گردبوونەوەو ناڕەزایەتیەكی فیعلی كردبا!