پارێزگاری هەولێر ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی پشووی سەری ساڵ بڵاوکردەوە



پارێزگاری هەولێر ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی پشووی سەری ساڵ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێکار و ئامادەکارییەکان لە پێناو ئارامی و ئاسایشی شار و پاراستنی سەر و ماڵ و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کران.

دەقی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە بارەی پشووی سەری ساڵ:

بەپێی ئەو بەرنامە و ئامادەکاری و پلانانەی بۆ پێشوازیکردن لە سەرى ساڵى نوێ لەلایەن پارێزگای هەولێر لە 2024.12.25 تاوەکو 2025.1.1 ئامادەکرابوو، سەرجەم ڕێکار و ئامادەکارییەکان وەک چۆن داڕێژرابوو لە پێناو ئارامی و ئاسایشی شار و پاراستنی سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان بەسەرکەوتوویی و وەکو خۆى و بەبێ هیچ گیر و گرفتێک جێبەجێ کرا، بەوشێوەیەی خوارەوە:-

یەکەم/ گەشت و گوزار:-
لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ڕووی گەشتیاران و پێکهێنانی لیژنەى تایبەت بۆ پێشوازی کردن لە گەشتیاران لە بازگەکانی دەروازەکانی سنوورى پارێزگاى هەولێر و چاودێریکردن و دابین کردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارییەکان و میوانخانە و چێشتخانەکان، لە 2024.12.25 تاوەکو 2025.1.1، ( 63 هەزار و 411 ) گەشتیار لەبازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.

دووەم/ هاتووچۆی هەولێر:-
پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران، سەبارەت بە ڕووداوەکانى هاتووچۆ، بەهۆى پابەند نەبوون بە یاساکان و خێرا لێخوڕین ( 26 ) ڕووداوى هاتووچۆ ڕوویانداوە، کە بەداخەوە بەهۆیانەوە ( 1 ) کەس گیانیان لەدەستدا و ( 14 ) کەسى دیکەش برینداربوونە.

سێیەم/ ئاسایشی هەولێر:-
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.

چوارەم/ پۆلیسی هەولێر:-
پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاوڵاتییان و ئامادەباشی سەرجەم هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەبێ هیچ گیر و گرفتێک تەواوی بڕگەکانی وەک خۆى جێبەجێکران، ( 135 ) حاڵەت و تاوانى جۆراو جۆر ئەنجامدراوە، ( 129 ) حاڵەت و تاوان ئاشکراکراوە و تاوانباران و ئەنجامدران دەستگیر کراون و ( 6 ) تاوانیش لەژێر لێکۆلینەوەدایە.

پێنجەم/ بەرگری شارستانی:-

تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر لە ئەرک دابوون، لە 2024.12.25 تاوەکو 2025.1.1، ( 12 ) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، حاڵەتەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.

شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى:
تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکان لە ئەرک دابوونە، لە 2024.12.25 تاوەکو 2025.1.1، (16,100) نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەگشتییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریان کردووە، ( 225 ) نەشتەرگەرى گەورە و (533) نەشتەری بچووک ئەنجامدراوە، ( 865 ) نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی لەدایک بوونیان کردووە و (414) منداڵ لەدایک بووە، ( 1,269 ) نەخۆش لە نەخۆشخانەی نانەکەلی و سەنتەری ئاوات چارەسەریان وەرگرتووە و ( 4٫221 ) هاوڵاتیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی سەنتەری دڵیان کردووە.

لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە قائیمقامیەت و یەکە کارگێڕییەکانى سنوورى پارێزگاکەمان و هێزە ئەمنییەکان دەکەین بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە پاراستنى تەواوى شوێنە گشتییەکان و ئەو جێگایانەی كە هاوڵاتییانى شارەکەمان و ژمارەیەکی زۆری میوانان و گەشتیاران بۆ بەسەربردنی دواساتەکانی شەوى سەرى ساڵ ڕوویان لێکردبوو.

هەروەها دەستخۆشی لە ئاسایشی بازگەکان و تیمەکانى گەشت و گوزار دەکەین کە لە ئامادەباشى تەواو دابوون بۆ خزمەتکردنى گەشتیاران و میوانان و هاوڵاتییان، هەروەها تیمەکانی شارەوانى و فەرمانگەی ژینگەپارێزی، کە لە ڕۆژى دواى سەرى ساڵ سەرەڕایی پشووى فەرمانگەکانیان تەواوی ئەو شوێن و جێگە گشتیانەی شاریان پاککردەوە کە بە هۆی پاشماوە و زبڵ و خاشاکی شەوی سەرى ساڵ پیس ببوون، دەستیان خۆشبێت.

هەروەها سوپاس بۆ میوانان و گەشتیاران و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان، کە هاوکار و هەماهەنگ بوون و سەرى ساڵى نوێ بەبێ هیچ کێشەیەک و بەوپەڕى ئارامى و لە کەشێکى پڕ لە خۆشى و شادی بۆ هەموو لایەک بەڕێکرا.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2025.1.4

لە ماوەی دوو هەفتەدا 490 هاووڵاتی لە غەززە بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون
پێت لە ماوەی دوو هەفتەدا 490 هاووڵاتی لە غەززە بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون
باز و بروسک، چەکە کاریگەریگەرەکەی شەڕڤانان
دوات باز و بروسک، چەکە کاریگەریگەرەکەی شەڕڤانان
پەیوەنیدر