باز و بروسک، دوو درۆنی کاریگەرن بە دەست هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە دژ بە چەکدارانی بەکرێگیراو و دڵسۆز بۆ تورکیاو ئەردۆگان بەکار دەهێنرێن.
ئەم درۆنانە پێشتر ئەرکیان کاری چاودێری بووە، بەڵام بەتوانای بەشێک لە کارمەندانی بیانی ناو هێزەکانی سووریای دیموکرات، ڕۆڵیان بۆ هێرشبەری گۆڕاوە و توانای بەرزی تەکنەلۆژی هێرشبەری و خۆ کوژییان تێدا جێگیرکراوە.
کاریگەری ئەم دوو درۆنە، وایکردووە، ڕۆژنامەی یەنی شەفەق کە سەر بە ئاک پارتیی دەسەڵاتداری تورکیایە بێتە دەنگ و ئەمەریکا تۆمەتبار بکات بەوەی بەردەوامە لەڕادەستکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە و ڕەوانەکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات.
ئێستا شەڕڤانان، لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە درۆنەکانی باز و بروسک گوزری کەمەرشکێن لە ئامانجەکان دەدەن، و درۆن بۆیان بووەتە فریاد ڕەس.
دیمەنەکان دەریدەخەن، کە باز و بروسک چ گاڵەیەک بە دوژمن دەکەن، هەر ئەمەشە بەرپرسانی تورک هاتونەتە دەنگ و دەڵێن؛ جیا لە ڕادەستکردنی درۆن، ئەمەریکا، مەشق و ڕاهێنانی لەسەر هەلیکۆپتەرە جەنگییەکان و ئەرکی نۆژەنکردنەوەی ئەو جۆرە هەلیکۆپتەرانەش بە شەڕڤانان کردووە.
ئەم وتانەی بەرپرسانی تورک لە کاتێکدایە، کە هەسەدە بە توانا و لێهاتووی خۆی ئەو درۆنانەی بەرهەمهێناوە و تائێستا ئەمریکا هیچ لێدوانێکی لەسەر ڕادەستکردنی هاوکاری سەربازی لەو جۆرە بە هەسەدە نەداوە.
درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانی باز و بروسک کە هەسەدە بەکاریان دەهێنێت دەتوانن سەدان مەتر بەرز ببنەوە و توانای تێکشکاندنی درۆنەکانی تورکیا و پێکانی ئامانجەکانی دوژمنیشیان هەیە لە سەر زەوی.
درۆنەکان لە بەشی خوارەوەیانەوە بۆمب ئاراستە دەکەن و گوللەهاوەن و بۆمبی دەستییان لێ جێگیر دەکرێت.
یەکەم هێرشی هەسەدە لە ساڵی نوێدا، بەئامانجگرتنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە سوپای تورکیا بوو لە جۆری “بەیرەقدار” کە بە شانازی جبەخانەی سەربازی تورک دادەنرێت و وەک وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات فەرهاد شامیش رایگەیاندووە، لەکەمتر لە مانگێکدا 3 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیایان خستووەتەخوارەوە و ئێستا توانای درۆنەکانیان بە ئەندازەیەکە کە دەتوانن شانازییە گەورەکەی هێزی ئاسمانی تورکیای پێ لەناوبەرن.