محەمەد شەیاع سودانی، سهرۆك وهزیرانی عێراق ڕایگهیاند، کەسانێک هەوڵیاندا گۆڕانکارییەکانی سووریا ببەستنەوە بە قسەکردن لەسەر گۆڕینی سیستمی سیاسی لە عێراق، ئەوەش گفتوگۆی لەسەر ناکرێت، بەڵام وتی، “هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە گۆڕانکاری و چاکسازیمان بەسەردا بسەپێنێت”.
سودانی ئهمڕۆ شهممه لهمیانی وتارێكدا لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ساڵیادی شەهیدبونی محەمەد باقر حەکیم، لە بەغدادی پایتەخت، ڕایگهیاند، “بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێکە، ناوچەکەمان پێشکەوتنی گرنگی بەخۆوە بینیوە، لە ئەنجامدا گۆڕانکاری سیاسی گەورەی لێکەوتوەتەوە، هەر لەسەرەتای ڕووداوەکانی سووریاوە بەپەرۆش بوین، بۆ ئەوەی عێراق لەلایەنگری کردنی لایەنێک یان گروپێک دووربخەینەوە و بڕیاردان لەسەر چارەنووسی سووریا بۆ سوورییەکان بەجێبهێڵین”.
باسی لهوهشكرد، “کەسانێک هەوڵیاندا گۆڕانکارییەکانی سووریا ببەستنەوە بە قسەکردن لەسەر گۆڕینی سیستمی سیاسی لە عێراق، ئەمەش گفتوگۆی لەسەر ناکرێت، ئێمە سیستەمێکی دیموکراسی فرەییمان هەیە کە هەموان لەخۆدەگرێت، گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات مسۆگەر دەکات، هەروەها ڕێگە بە چاکسازی و ڕاستکردنەوەی ناهاوسەنگیەکان دەدات لە ژێر چەتری دەستوور و یاسادا”.
سودانی دەشڵێت، “هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە گۆڕانکاری و چاکسازیمان بەسەردا بسەپێنێت، چ لە بواری ئابووریدا بێت یا ئەمنی، و لەهەمان کاتدا ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە پێویستی بە پرۆسەی چاکسازی هەیە لە جومگە جیاجیاکاندا”.
ئەوەشی وت، “لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا کارمان کردووە بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە گۆڕەپانی جەنگ و بەڕاوێژ لەگەڵ برایان و دۆستانمان و بەپشتیوانی بەردەوامی هێزە سیاسییە نیشتمانییەکانی حکومەت لەم پرۆسەیەدا هەوڵمان داوە”.