بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی ڕایگەیاند بەبێ تەوتین و ڕادەستنەکردنی داهاتی نانەوتی بە بەغداد، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان قووڵتر دەبێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە ماڵپەڕی فەرمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی ڕاگەیاند، “چارەسەرنەكردنی كێشەی ڕادەستنەكردنی داهاتی نانەوتی و جێبەجێنەكردنی تەوتین، وا دەكەن كێشەی مووچە لەمە قووڵتر بێتەوە”.
وتیشی: “ئەگەر تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەكرێت، ئەوا كێشەی دواكەوتنی مووچە لەمساڵیشدا بەردەوام دەبێت و چارەسەر نابێت”.
کاروان یاروەیس ڕاشیگەیاند، “وەک فراكسیۆنی یەكێتی سوورین لەسەر جێبەجێ كردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتین و بۆ ئەو مەبەستەش ئیمزای 150 پەرلەمانتارانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكانمان رادەستی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران كردووە”.