ئەگەر بەغداد جگە لەو 441 ملیار دینارەی رەزامەندیی لەسەر داوە، پارەی دیکە نەنێرێت، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان پاشەکەوت دەکرێت.
ئەمڕۆ هەینی، میدیای یەکێتی لە زاری دوو سەرچاوەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێم کورتهێنانی مووچەی مانگی 12 بە داهاتی ناوخۆ پڕناکاتەوە، لەبەرئەوە لە دوای تەواوبوونی پشووەکانی سەری ساڵ دەست بە هەوڵەکانی دەکاتەوە بۆ رازیکردنی بەغداد تاوەکو پارەی دیکە بنێرێت و چارەنووسی مووچەی مانگی 12ـی پێ یەکلابکەنەوە.
ڕاشیگەیاند، بەغداد جگە لەو 441 ملیار دینارەی ڕەزامەندیی لەسەر داوە، ئامادەنییە هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 بنێرێت و دەڵێت، بە درێژایی ئەو ساڵە پارەی تەواویان بۆ هەولێر ناردووە.
دوێنێش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی دابەشنەکردنی مووچەی خستە وەزارەتی دارایی عێراق و ڕایگەیاند کە بە نەناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەتەواوی، دەیەوێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات.
وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو کە لە ڕۆژانی یەکشەممە تاوەکو چوارشەممە، مووچەی مانگی 11 دابەش دەکەن.