بانكی ناوەندی لە هەفتەی ڕابردوودا تەنیا نزیكەی 361 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی زۆر كەمی فرۆشتنی دراوەكە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دادەنرێت بەراورد بە چەند مانگێك لەمەوبەر كە فرۆشتنی هەفتانە ملیارێك دۆلاری تێدەپەڕاند.
بەپێی ئامارە بڵاوكراوەكانی بانكی ناوەندی عیراق، لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا 360 ملیۆن و 945 هەزار و 774 دۆلار لەلایەن بانكەكەوە فرۆشراوە، تێكڕای فرۆشتنی ڕۆژانەش 72 ملیۆن و 189 هەزار و 154 دۆلار بووە و بەراورد بە هەفتەی پێشتر بەڕێژەی 29.52% دابەزیوە.
لە ئامارەكانی بانكی ناوەندیدا دەردەكەوێت كە فرۆشتنی زۆرترین بڕە دۆلار لە ڕۆژی یەك شەممەی ڕابردوودا بووە و112 ملیۆن و 424 هەزار و 526 دۆلار بووە، كەمترین فرۆشتنیش لە دوو شەممەی ڕابردوودا بوو كە 45 ملیۆن و 169 هەزار و 559 دۆلار بووە.
زۆربەی فرۆشتنەكان وەك لە ئامارەكاندا ئاماژەیان پێكراوە، لە شێوەی فرۆشتنی كاشدا بووە، هەر دۆلارێكیش لەلایەن بانكەكەوە بە 1460 دینار فرۆشراوە.
ماوەیەكە نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی لە 160 هەزار دینار نزیكبۆتەوە.