لەساڵی 2024 دا شەش باندی مەترسیداری بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ دەستگیرکراون و لیژنەی ئاسایشی پەرلەمان دەڵێت”هاووڵاتییە هەژارەکان هەڵدەخەڵەتێنن”
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ـی کانوونی دووەمی 2025، لیژنەی ئاسایشی پەرلەمان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ دا دەستگیرکردنی شەش باندی مەترسیداری بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بڵاوکردەوە.
یاسر ئەسکەندەر ئەندامی لیژنەکە لە چاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاند،بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە یەکێکە لەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە سەدان کەسی کاڵ فام و هەژار ئەنجام دەدرێت، کە بە شێوازی جۆراوجۆر و لەلایەن باندی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە هەڵدەخەڵەتێنرین و دەبنە قوربانی دەستیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، “وەزارەتی ناوخۆ لە ماوەی ساڵی 2024دا هەنگاوی گرنگ و کاریگەری گرتەبەر بە پێکهێنانی تیمی تایبەتمەند بۆ بەدواداچوون بۆ بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستەوە، هاوکات شەش باندی سەرەکی دەستگیرکراون و لە بەندیخانەن”.
ئەسکەندەر ئاماژەی بەوەشکرد، “هاوکاریکردنی هاووڵاتیان گرنگترین هۆکارە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەندامانی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ئەندامی مرۆڤ و ڕووخاندنیان”.
پێشتر لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان ئاماژەی بە دابەزینی ڕێژەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عێراق دابوو، ئەمەش دوای ئەوەدێت هێزە ئەمنییەکان بەچڕی دەستیانکردووە بە گەڕان و دۆزینەوەی باندەکان.