بەشار ئەسەد سەرۆکی لەسەرکارلابراوی سووریا لە هەوڵێکی کوشتن لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا ڕزگاری بوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕۆژنامەی سەنی بەریتانی بڵاویکردەوە بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەسەرکارلابراوی سووریا لە هەوڵێکی کوشتن ڕزگاری بووەوە و ڕوونیشیکردەوە کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ئەسەد هەستی بە هەناسە توندی کردووە و بەردەوام کۆکیوە، بۆیە داوای هاوکاری پزیشکیی بەپەلەی کردووە.
بە پێی هەواڵی ڕۆژنامەکە، ئەنجامی پشکنینەکان دەریانخستووە کە ماددەی ژەهراوی لە لەشی ئەسەددا هەبووە و لە نێو شوقەکەیدا لە مۆسکۆ چارەسەر کراوە و ڕۆژی دووشەممە، باری تەندروستی باش بووە.
هەژماری “جەنەراڵ ئێس ڤی ئاڕ” لە ئێکس کە گومان دەکرێت گەورە سیخوڕێکی پێشووی ڕووسیا بەڕیوە ببات بڵاویکردەوە، هەموو هۆکارەکان ئاماژە بوون بۆ ئەوەی هەوڵی کوشتنی ئەسەد دراوە.