دیداری جۆلانی و قەسەد دەگاتە کوێ؟



 

لەدوێنێوە ھەواڵی چاوپێکەوتنی ئەحمەد شەرع (محەمەد جۆلانی)و وەفدێکی  قەسەدە، لەمیدیاکاندا بڵاوکرایەوە. ئایا وەفدی  قەسەدە کێبوون؟ ناوەڕۆکی گفتوگۆکەیان چی بووە؟ گەیشتونەتە چ ئەنجامێکی سەرەتایی؟ نەک ھیچی ئەم پرسیارانە وەڵامەکانیان نازانرێ، بەڵکو لەوەش سەیرتر، کۆبونەوەکە وێنەی بڵاونەکرایەوە. ئەمە لەکاتێکدا جۆلانی لە ھەمان ڕۆژدا مەسیحیەکانی سووریای دیوەو وێنەکەی بڵاوکرایەوە. ھەروەھا ھەر وەفدێکی دیبێت ھەواڵەكە بە وێنەوە بڵاو دەکرێتەوە.
بەداخەوە، لەم یەکەم دانیشتنی دیمەشقدا، وەفدی یەکگرتوی ڕۆژئاوای کوردستان، پێک نەھێنرابوو. کە ئەمەش وەکو سەرەتای مفاوەزاتەکە، پێگەی سیاسی کورد لاواز دەکات و ئەگەر بە زوترین کاتیش، ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت، بێگومان زیانێکی گەورە بە سەنگی کورد دەگەیەنێت.
ئەم دانیشتنە، سەرەڕای ئەوەی بە ساردی و سڕی بڵاو کرایەوە، وەکو دانیشتنی سەرەتایی گرنگ بوو. چونکە دانیشتنەکە لە کاتێکدا ئەنجام درا، میلیشیاکانی سەربە تورکیا، لەچەندین قۆڵەوە ھێرش دەکەنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. ھێزە شەڕەڤانەکانی ڕۆژئاواش بەرەنگاری دەکەن.
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە، ئایا جۆلانی بۆ ئەم دانیشتنەی لەگەڵ  قەسەدە، ڕەزامەندی تورکیای وەرگرتووە؟ (کە زۆر گرنگە تورکیا ڕەزامەند بوبێت). ئەگەر ڕەزامەندی وەرگرتبێت و دانیشتنەکە بەو شێوەیەی ئەنجام درا، دەریدەخات کە ھێشتا زووە ڕێکەوتنی سیاسی بکرێت. چونکە سیناریۆی دانیشتنەکە سەراپا، بەو شێوەیەی شەرمنانە ھەواڵەكەی بڵاو کرایەوە، وەکو دانیشتنی یەکەم جێگەی نیگەرانی و پرسیارە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشا لەم ھاوکێشە ئیقلیمییەی ڕۆژئاوا، لەڕوی سیاسی و عەسکەری و ئەمنیەوە، ڕوبەڕوی بۆتەوە، دەبێت پەیەدە دڵنیابن، مفاوەزاتەکەیان لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا، لەبەر ئەوەی دوو ستراتیجی جیاوازیان ھەیە،ستراتیجی حکومەتی تازەی سووریا لە ڕوانگەی ئیسلامی_ سونیگەراییەوەیە. ڕوانگەی پەیەدەش دیموکراسی و، مەدەنی و، حوکمڕانی دونیاییە. مفاوەزاتێکی قورس و دژوارە. بەتایبەتی بۆ پەیەدە کە یەکەمین جاریەتی، لە دۆخێکی نوێی سووریا و ناوچەکەدا، ھەم لە سەنگەردا شەڕدەکا و ھەم لە دیمەشقدا مفاوەزات ئەنجام دەدات.
بەرەی ڕزگاری شام، ھەروەھا زۆربەی ھێزە چەکدارەکانی ھاوپەیمانیان، زیاتر لە ١٠ ساڵە ھەن و لە پارێزگاری ئیدلیبیش دەسەڵاتیان ھەبوو. بەڵام بۆ یەکجاریش ئامادە نەبوون، کۆبونەوە لەگەڵ پەیەدە بکەن. تەنانەت ھیچ جۆرە ھەڵوێستێکی ئەرێنیان، بۆ مافە دیموکراسییەکانی کوردو بۆ باقی پێکھاتەکانی تری سووریا نەبووە: سریانی، دروزی، بەگشتی مەسیحیەکان و لەمەو دوا کێشەی عەلەویەکانیش ڕوبەڕویان دەبێتەوە.
لەو بڕوایەداین، لەسەرەتای مانگی ئازارەوە، قۆناغێکی تری سیاسی، دوای دامەزراندنی چوار مانگەی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، دەست پێدەکات. حکومەتی ڕاگوزەر لەم سێ مانگەی لەبەردەمیدا ماوە، ڕەنگە تەنھا فریای ئەوە بکەوێت، ھەندێک باری ئاسایشی ووڵاتەکە چاک بکات و چارەنوسی دەیان ھەزار زیندانی سەرنگومکراو بزانێت. ھەروەھا فریای لایەنی کەمی بژێوی خەڵک بکەوێت و بەشێکی ئەو قەیرانە ئابورییە قوڵەی سووریا تێی کەوتوە، چارەسەر بکات. ئەمە ئەگەر ناکۆکییە خەفە کراوەکانی ھەناوی سووریا و ھێزە چەکدارەکان و بەرنامە ئیقلیمییەکان، یەکانگیر نەبن و دۆخێکی نەخوازراو، بۆ حکومەتی کاتی نەھێننە کایە.
لەدوای مانگی سێ، وردەکاری چۆنێتی ڕاپەڕاندنی ئەرکە سەختەکانی بونیات نانەوەی سیستمی حکومڕانی و دامەزراندنەوەی دەوڵەتی سووریا و، بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و ، دروست کردنەوەی پەیوەندیەکانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، دەبنە ئەرکی چارەنوسسازی حکومەتی ڕاگوزەر و ھەموو لایەنە سیاسییەکان. لەناو ئەو ئەرکانەدا، بڕیاری چۆنێتی نوسینی دەستورە. بێگومان نوسینی دەستوری ھەمیشەیی، بەبێ ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتە جیاوازەکانی سووریا، مەحاڵە.
سەرۆکی بەرەی ڕزگای شام( ئەحمەد شەرع)، لەچوار ڕۆژی ڕابردوودا، چاو پێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی العربیە سازدا. بەگشتی نەرم و لۆژیکی قسەی کرد، تەنانەت بەرامبەر بە کوردیش ئەرێنی بوو. بەڵام قسەیەکی کرد مایەی ترسە. ئەویش ئەوەیە وتی( ڕەنگە نوسینی دەستور چوار ساڵی پێویست بێت).
ئێمە نامانەوێت لێکدانەوەیەکی خراپ بۆ ئەم قسەیە بکەین. بەڵام قسەیەکی ئاوای ھەستیار، پڕاو پڕ لە پرسیار، لە دۆخێکی وەکو ئێستای سووریا و ناوچەکەدا، ناکرێ کورد و دیموکراتخوازانی سووریا بنج و بناوانی لێک نەدەنەوە.
باجارێ بپرسین بۆ چوارساڵ؟ ئایا ئەمە تەقدیری خۆیەتی، وەکو ڕابەری یەکەمی بەرەی ڕزگاری شام، یان بۆچونی ھاوبەشی ھەموو ھێزە ھاوپەیمانەکانیەتی؟ دەشپرسین لەم چوار ساڵەدا سووریا بە پێی چ بنەمایەکی یاسایی بەڕێوە دەبرێت؟ کە ھێشتا پەڕلەمانی نوێی سووریا ھەڵ نەبژێردراوە ھەتا یاسای نوێ دابڕێژێ و چوار ساڵیش چاودێری حکومەت بکات، تانوسینی دەستوری ھەمیشەیی. لەو بۆشیاییە دەستوریەدا، کەواتە دەبێت بەپێی یاسا شۆڤێنی و فاشیستەکانی بەعسی سووریا حکوم بکرێت. کە ئەمەش گەلێک جێگای مەترسییە. بە تایبەتی بۆ دیموکراتخوازان و کورد. ناشکرێ کۆمسیۆنی عەسکەری ئێستای سووریا، بەبێ پشتیوانی یاسایی، بە ڕاگوزەر بڕیار بدات. تاقە ڕێگای تاقی کراوی ئەزمونە تازە سەرکەوتوەکانی دنیا، ئەوەیە کە، بەڕێکەوتنی سیاسی و بەشداری ھەموو لایەنە سیاسی و پێکھاتەکان، ھەتا نوسینی دەستوری ھەمیشەیی، ئەنجومەنی دامەزراندن( المجلس التاسیسی) پێکەوە بنرێت. ئەم ئەنجومەنە ئەرکی چۆنێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی سووریا، دوای ڕێکەوتن لەسەر وردەکاری ئەرکەکانی، بۆ قۆناغی ڕاگوزەرلە ھەموو بارێکەوە ڕاپەڕێنێت.
باشترین دەستەبەریش، بۆئەوەی پیلانی سیاسی مەترسیدار نەھێنرێتە ئاراوە، ئەوەیە کە نەتەوە یەکگرتوەکان سەرپەرشتی ئەم قۆناغە ڕاگوزەرەی سووریا بکەن و زەمینە سازبکەن، بۆ ھەڵبژاردنێکی پاکی پەرلەمانی سووریا. پاشان نوسینی دەستوری ھەمیشەیی. بەبێ سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی، ئەگەری مەترسی جۆراو جۆر لەپشتی پەردەی شانۆی ئێستای سیاسەتی سووریا، بەدور نازانین.

١/١/٢٠٢٥

نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە گەیشتە 20 هەزار دینار
پێت نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە گەیشتە 20 هەزار دینار
ئێف بی ئای: ئەنجامدەری هێرشەکە ناوی شەمسەدینە
دوات ئێف بی ئای: ئەنجامدەری هێرشەکە ناوی شەمسەدینە
پەیوەنیدر