سەرۆكی پارتی نەتەوە پەرستی توركیا سەردانەكەی شاندی دەم پارتی بۆ دوورگەی ئیمراڵی بە “دەستپێكێكی خێردار” ناو دەبات و دەڵێت: ئێستا كاتی هەنگاوی كردەییە و پێویستە توركیا بڕیاری خۆی بدات.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پەیامێكی لەبارەی دیدارەكەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و شاندی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) لە دوورگەی ئیمراڵی بڵاو كردەوە.
باخچەلی سەردانەكەی شاندی دەم پارتی بۆ دوورگەی ئیمراڵی بە “دەستپێكێكی خێردار بۆ دیموكراسی و برایەتیی تورك و كورد و پتەوكردنیی ئەو پەیوەندییە” ناو بردووە.
بە وتەی باخچەلی “ئێستا كاتی ئەوەیە قسەكان بكرێنە كردار، ئەنجامەكانیشی ڕابگەیەندرێن”.
باسی لەوەشكردووە، “نابێت هیچ هەنگاوێك لە سێبەری تیرۆر بمێنێتەوە، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بابەتی هەرە لەپێشینەیە بۆ فەراهەمكردن كۆدەنكیی كۆمەڵگە و برایەتیی.”
پێشنیوەڕۆی یەك شەممە، 29-12-2024، پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەنجامی كۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەیان، 28-12-2024، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە زیندانی ئیمرالی، بڵاو كردەوە.
لەبارەی لێدوانی بەشێك لە بەرپرسانی توركیا بۆ چارەكردنی پرسی كورد، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە “من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەكەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ و سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموكراسی و برایەتییە بۆ توركیا و ناوچەكە.”