بەرپرسێکی سووریا ئاشكرای دەكات، ئەحمەد شەرع فەرمانڕەوای دیفاکتۆی سوریا سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ نوێنەرانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دانیشتنێکی ئەنجامداوە و دەڵێت: گفتوگۆکان “ئەرێنی” بوون.
دانیشتنەکە ڕۆژی دوو شەممە ئەنجامدراوە و بە یەکەم دانوستانی فەرمی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی) دادەندرێت لەگەڵ هەسەدە لەو کاتەوەی هێزەكانیان بە سەرکردایەتی گرووپی ئیسلامی تەحریری شام لە 8ی 12ی 2024 ڕژێمی بەشار ئەسەدیان ڕووخاند.
ئەو بەرپرسە سوورییەی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی ڕاگەیاند، “ڕۆژی دوو شەممە کۆبوونەوەیەک لە نێوان بەرپرسانی باڵای هێزەکانی سووریای دیموکرات و جۆلانی لە دیمەشق ئەنجامدرا”.
وتیشی، “ئەوە کۆبوونەوەیەکی سەرەتایی بوو بۆ دانانی بناغەکانی گفتوگۆی داهاتوو. هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوون لەسەر ئەم کۆبوونەوانە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنەکانی داهاتوو”.
بەرپرسەکە کۆبوونەوەکەی بە “ئەرێنی” وەسف کرد و وتی، “لە داهاتوودا گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان چڕتر دەکرێنەوە”.
ئەم هەنگاوە لە کاتێدایە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بەردەوام شەڕ و پێکدادانی کوشندە لە باکوری سووریا لە نێوان گرووپە چەكدارەكانی سەر بە تورکیا و هێزەکانی هەسەدە ڕوویداوە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ڕۆژی سێ شەممە چەکدارانی سەر بە تورکیا سێ کارمەندی ئاسایشی سەر بە کوردیان لە شاری حەلەب کوشتووە.
ڕۆژی یەک شەممە، ئەحمەد شەرع لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی (العربیە) ڕاگەیاند، پێویستە هێزەکانی هەسەدە بخرێنە ناو سوپای نوێی نیشتمانییەوە.
وتیشی، “چەک دەبێت بەتەنها بەدەست دەوڵەتەوە بێت، هەرکەسێک چەکدار بێت و شایستەی پەیوەندی بە وەزارەتی بەرگرییەوە بێت، ئێمە پێشوازی لێدەکەین. بەپێی ئەم مەرج و ڕێسایانە، ئێمە گفتوگۆیەکی دانوستاندن لەگەڵ هەسەدە دەکەینەوە بۆ ئەوەی بەڵکو چارەسەرێکی گونجاو بدۆزینەوە.”