بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، تا 10 ڕۆژی ئایندە كەشوهەوای هەرێم سەقامگیر دەبێت و هیچ ئەگەرێك بۆ باران و بەفر بارین نییە، شارەزایەكی بواری كەشناسی داوای ئەنجامدانی نوێژە بارانە لە مامۆستایان و موسڵمانان دەكات لە ڕۆژی هەینی-دا و وەك بەدەمەوەچوونی پەیامەكەشی دوێنێ لە هەولێر و كۆیە نوێژە بارانە ئەنجام درا.
دوابەدوای پەیامەكەی دوێنێی شاڵاوە هیدایەت، شارەزای كەشناسی، كە لە(خەڵك)ەوە ئاڕاستەی مامۆستایانی ئایینی كرد بۆ ئەنجامدانی نوێژە بارانە، بڕیارە ڕۆژی هەینی لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی هەرێم سوننەتی نوێژە بارانە ئەنجام بدرێت.
لە وەرزی پاییزی ئەمساڵ و هاوكات 10 ڕۆژی مانگی یەكەمی زستاندا جگە لە چەند شەپۆلێكی باران بارین، تەنها لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر باریوە و تا ئێستا ناو شارەكانی نەگرتۆتەوە و بەوەش هێشتا مەترسی وشكەساڵی هەر ماوە و لە هەندێك ناوچەی هەولێر هێشتا پەڵەی نەداوە.
نوێژە بارانە چۆن دەكرێت؟
نوێژە بارانە ( الإستسقاو )، نوێژێكی سوننەتە، چەندین جار خودی پێغەمبەری خودا (ﷺ) و هاوەڵانیش ئەنجامیان داوە و موسڵمانانیش لەكاتی كەمی باران و وشكەساڵی پەنای بۆ دەبەن و لە دەشت و ناوچە جیاجیاكان ئەنجامی دەدەن و لەخوای گەورە دەپاڕێنەوە بارانی بەڕەحمەت ببارێنێت.
نوێژە بارانە، هاوشێوەی نوێژی جەژنە و دوو ڕكاتە و (الله اكبر)ی تێدا دەخوێندرێت و دواتر پێشەوا (ئیمام) وتارێك پێشكەش دەكات و دوعای بارینی باران دەكات.
عەبدوڵڵای کوڕی یزید دەگێڕێتەوە: کەوا پێغەمبەری خودا (د.خ) چووەتە دەرەوە بۆ ئەنجامدانی نوێژە بارانە و ڕووی لە قیبلە کرد و لە خوای گەورە دەپاڕایەوە و پۆشاکەکەی بە خۆیەوە ئاڵاندبوو، دوو ڕكات نوێژی کرد و بە دەنگی بەرز قورئانی تێدا خوێند.
له نزاكانی باران بارین
یەکەم : «اللَّهُمَّ اسْقِنَا غَيْثًا مُغِيْثًا مَرِيْئًا مَرِيْعًا, نَافِعًا غَيْرَ ضَارّ, عَاجِلاً غَيْرَ آجِلٍ»
واته: (خودایه بۆمان ببارێنه بارانێكی زۆری لهسهر خۆی به سوودی سهوزكهری به سوودی بێ زیان، بهم زوانه و دوا خستنی تێدا نهبێت).
دووەم : «اللَّهُمَّ أَغِثْنَا, اللَّهُمَّ أَغِثْنَا، اللَّهُمَّ أَغِثْنَا»
واته: (خودایه بارانمان بۆ ببارێنه، خودایه بارانمان بۆ ببارێنه، خودایه بارانمان بۆ ببارێنه).
سێیەم : «اللَّهُمَّ اسْقِ عِبَادَكَ, وَبَهَائِمَكَ, وَانْشُرْ رَحْمَتَكَ, وَأَحْيِ بَلَدَكَ الْمَيِّتَ»
واته: (خودایه بهندهكان و گیان له بهرهكانت تێر ئاو بكه و ڕهحم و بهزهیی خۆت بڵاو بكهرهوه و زهویه مردوهكهی خۆشت زیندوو بكهرهوه).