میدیای فەرمی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوانی مووچەی دوو مانگی 11 و 12 ساڵی پارن، كە بڕیاربوو، بەر لە هاتنی ساڵی نوێ 2025، وەریبگرن.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (PUKMEDIA)ی فەرمی یەكێتی، ئەمڕۆ 1/1/2025، هەرێمی كوردستان بەكێشە و قەیرانی مووچە و داراییەوە، هاتە ساڵی نوێوە، هەر چەندە وەزارەتی دارایی عیراق بڕی 631 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 11ی2024 فەرمانبەران نارد، بەڵام بەچاوەروانی ناردنی تەواوكارییەوە حكومەتی هەرێم و مووچەخۆران ساڵی 2024یان بەڕێكرد، هیچ بڕێك لەداهاتی ناخۆ بۆ پڕكردنەوەی تەواوكاریی زیاد نەكرا، بۆیە مووچەی دوو مانگی ساڵی پار 2024 دابەش نەكرا.
سەرچاوەیەك لەحكومەتی هەرێم بۆ ماڵپەڕەكە وتویەتی، “بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 لەساڵی رابردوودا، حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ بژاردەی لەبەردەمدابوو، كە دووان لەبژاردەكان ناردنی پارە بوو لەبەغدا و بژاردەی سێیەمیش پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە بوو لەداهاتی ناوخۆی سلێمانی و هەولێر و دهۆك، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ كام لەم بژاردانەی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی مانگی 11 جێبەجێ نەكرد و بەمەش دابەشكردنی مووچە كەوتە ساڵی نوێوە”.
دەشڵێت: هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەبوو كە تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق واژۆی لەسەر ناردنی تەواوكاری مووچەی مانگی 11 ی مووچەخۆرانی هەرێم كردووە، بەڵام ئەو دەنگۆیانە ڕاست نەبوون و مووچەی مانگی 11 و 12 ی 2024 لەساڵی رابردوودا دابەشنەكران.
بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچەی یەك مانگی مووچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە بڕی 996 ملیار دینارە، بەڵام تا ئێستا دارایی عیراق تەنها 631 ملیار دیناری وەك مووچەی مانگی 11 بۆ هەرێم ناردووە و بەوپێیەش بڕی 365 ملیار دینار كورتهێنان هەیە.