بەهۆی هاتنی ساڵی تازە محەمەدی حاجی مەحمود پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو دەکاتەوە.
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان.
لەم شەوە پڕ هیوایەدا، کە ڕۆژژمێری زایینی پەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٥، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەتایبەت کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و تەواوی گەلانی ناوچەکە دەکەین.
کاتێک ئاوڕ لە ساڵی ڕابردوو دەدەینەوە، بەداخەوە دەبینین گەلەکەمان بە زۆر سەختی و دژواریدا تێپەڕی، فشار و زوڵم و ستەمی بەشێک لە کاربەدەستانی بەغداد بەرامبەرمان گەیشتە ترۆپک، بەڵام گەلی ئێمە وەک هەمیشە بە یەکڕیزی و یەکگرتووی، بەهیوا و خۆڕاگرییەوە بەردەوامە، ئێستاش، کە لەسەرەتای ساڵێکی نوێداین بۆ میللەتەکەمان هەڵگری هیوا و خەونی نوێیە، لە هەر گۆشەیەکی ئەم نیشتمانە خۆشەویستەدا، لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی، لە کەرکوکەوە بۆ دهۆک، لە هەڵەبجەوە بۆ گەرمیان، لە زاخۆ وە بۆ خانەقین، لە مندەلییەوە بۆ سنجار، چاوەکان پڕن لە هیوا، دڵەکان بۆ داهاتوویەکی گەشتر لێدەدەن.
لەم بۆنەیەدا، دووپاتیدەکەینەوە کوردستان ماڵی هەموومانە، پاراستن و ئاوەدانی و پێشکەوتنیشی ئەرکی سەرشانمان، بۆیە، داواکارین پێکەوە ساڵی نوێ بکەینە ساڵی وەرچەرخان لە خەبات و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان، نیشتمان و بەرژەوەندییەباڵاکانی گەلەکەمان لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەکانەوە دابنێین و خەبات بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی بکەینە ئامانج و گەشە بە ئابوری نیشتمانی بدەین و هەلی کاری شایستە بۆ گەنجان و لاوانمان بڕەخسێنین و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بەهێز بکەین و سیستەمی پەروەردە و تەندروستی بەرەو پێشببەین و یەکڕیزی و یکگرتووییمان، کە کلیلە بۆ سەرکەوتن، بکەینە سەرمەشق.
هیوادارین، لە یەکەمین کۆبونەوەی ساڵی نوێیدا، پەرلەمانی کوردستان، بە هەوڵ و هیممەتی هەمولایەک زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێنێت بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوسینەوە و پەسەندکردنی دەستورێک بۆ هەرێمەکەمان.
دووبارە پیرۆزبێت ساڵی نوێ.