سەرۆكی بەرەی گەل ڕایدەگەیەنێت، لە ئەمریکا لۆبیمان بۆ ڕۆژاڤای کوردستان کردووە و دەشڵێت: دەسەڵاتدارانی هەرێم تێر ناخۆن.
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی كێشەی مووچەخۆران چارەسەر نەكراوە و بەدەست ئەو كێشەیەوە دەناڵێنن، كێشەیەكی دیكە بۆ كوردانی ڕۆژئاوا هاتۆتەپێش و من لە ماوەی پێشوودا لە ئەمریکا بەپێی توانا لۆبیمان بۆ برا كوردەكانمان لە ڕۆژاڤای کوردستان کردووە.
وتیشی، “كێشەی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش بە شەڕ و چەك چارەسەر ناكرێت و لە ئێستادا لە توركیاش هەوڵی ئاشتی هەیە دوای سەردانەكەی شاندی كوردی بۆ ئیمڕاڵی و پەیامەكەی ئۆجەلان، كە ئیتر كاتی ئەوەیە كێشەی كورد لە پارچەكانی دیكەش چارەسەر بكرێت”.
ڕاشیگەیاند، هیوادارم یەكڕیزی هەر چوار پارچەی كوردستان و یەكڕیزی ناوخۆی خۆمان بپارێزین، كە گەورەترین مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان پارچە پارچەبوون و ملشکاندنی یەکترییە.
دەشڵێت: دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم شەرم بکەن لە خۆیان، من ئاگادارم ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی هەفتەی پێشوو 280 ملیۆن دۆلاری لە بانکێکی دوبەی داناوە.
سەبارەت بە دواخستن و نەدانی مووچەی فەرمانبەران وتی، “دەسەڵاتدارانی هەرێم تێر ناخۆن لە قوتی میللەت و بەبیانووی تەواوكاری ئەو پارەیەی دێت لە بەغداوە مووچە نادەن لەكاتێكدا بە بەرچاوی خەڵكی كوردستانەوە لە سنوورەكان سەدان ملیۆن دۆلار دەدزرێت، بۆیە ڕوویان ڕەشبێت و چارەنووسیان هەر چارەنووسی ئەو بەرپرسانەی ناوچەكە دەبێت، كە لە وڵاتەكانیان ڕادەكەن”.