بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامی پیرۆزبایی ساڵی نوێ بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، حكومەتێكی خزمەتگوزاری دادپەروەر پێكبهێنین كە پارێزگاری لە ژیانی خەڵك بكات و مافەكانیان دەستەبەر بكات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە،یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی لە هەموو ئەو هەوڵ و پێشنیارانە دەكات كە ئامانجەكەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان و كۆتاییهێنان بێت بە ناكۆكییەكان، بەتایبەت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و گەیشتن بە چارەسەرێكی ئەرێنیی یەكجارەكی.
جەختیشی كردۆتەوە، پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا كە لە قۆناغێكی مێژووییدایە، پێویستی بە هەوڵ و پشتیوانیی هەموولایەكمانە و دەبێت بەرپرسانە و هۆشیارانە مامەڵەی لەگەڵ بكەین.
دەقی پەیامەكە:
سەری ساڵی نوێی زاینی لە سەرجەم هاوڵاتییانی كوردستان، عیراق و جیهان پیرۆزبێت و هیوادارم ساڵێكی پر لە ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری بێت بۆ هەموولایەك.
هیوادارم هەموومان لە ساڵی نوێدا بە رۆحێكی نیشتمانی و بەرپرسیارانەوە كار بۆ بەهێزتركردنی كوردستان، ئاوەدانی و پێشكەوتنی زیاتر بكەین. حكومەتێكی خزمەتگوزاری دادپەروەر پێكبهێنین كە پارێزگاری لە ژیانی خەڵك بكات و مافەكانیان دەستەبەر بكات، هەوڵەكانی بۆ بەدیهێنانی ژیانێكی شەرەفمەندانە و سەربەرزانەتر بێت بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی لە هەموو ئەو هەوڵ و پێشنیارانە دەكات كە ئامانجەكەی چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكان و كۆتاییهێنان بێت بە ناكۆكییەكان، بەتایبەت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و گەیشتن بە چارەسەرێكی ئەرێنیی یەكجارەكی. هەروەها پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و سووریا كە لە قۆناغێكی مێژووییدایە، پێویستی بە هەوڵ و پشتیوانیی هەموولایەكمانە و دەبێت بەرپرسانە و هۆشیارانە مامەڵەی لەگەڵ بكەین.
با هەموومان پێكەوە ساڵی نوێ بكەینە ساڵی ئاشتی و پێكەوەژیان، چەسپاندنی دادپەروەری و سەروەریی یاسا. بە یەكدەنگی و یەكڕیزیمان كوردستانمان بەهێزتر دەكەین و داهاتوویەكی گەشتر مسۆگەر دەكەین، ئەمە بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە و لە ئەستۆی هەموولایەكمانە.
ساڵی نوێ پیرۆزبێت و هیوای دڵخۆشی و كامەرانی بۆ هەموولایەك.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان