گۆڕان: بەهۆی بێ‌ مووچەییەوە ژیانی هاووڵاتییان خراپە



بزوتنەوەی گۆڕان بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی 2025 پیرۆزبایی ئاڕاستەی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكات و ڕایدەگەیەنێت؛ لەئێستادا ناوچەكە بە گۆڕانكاریی گەورە و چاوەڕوانكراودا تێدەپەڕێت و دەشڵێت: بەهۆی دابەشنەكردن و دواكەوتنی مووچەوە ژیانی هاوڵاتییان خراپە.

بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی دابەشنەكردن و دواكەوتنی مووچەوە ژیانی هاووڵاتییان خراپە، بۆیە “دوای 70 ڕۆژ لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكان پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە و حكومەتی نوێ پێكبێت”.

جەختیشدەكاتەوە، ساڵی نوێ، بزوتنەوەی گۆڕان بە گۆڕانكاری لە گوتار و نەهجی نوێی سیاسی لە پێشڕەوی دەنگ و داواكاری رەوای خەڵك دەستپێدەكات، بە ئامانجی چاودێریكردن و باشكردنی رۆڵی دامەزراوە فەرمیەكان و نوێنەرایەتیكردنی خەم و داواكارییەكانی هاووڵاتیان.

دەقی پەیامەكەی بزوتنەوەی گۆڕان:

بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینی 2025 گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی هاونیشتمانیان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەكەین.

لەكاتێكدا هەنگاو بۆ ساڵێكی نوێ دەنێین، ناوچەكە بەرەو گۆرانكاری نوێ و خێرا هەنگاو دەنێت، گەلەكەمان لەبەردەم زنجیرەیەك دەرفەت و ئاڵنگاری و پێشهاتی چاوەڕوانكراودایە. بزوتنەوەی گۆڕان، وەك هێزێكی نیشتمانی بەرپرسیار، كە خاوەن بەرنامە و هێلی نیشتمانییە بۆ هەرێمی كوردستان. پێی وایە گۆرانكارییەكان، ئەوە لە هەموو لایەنەكان دەخوازێت، كە بە گیانی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە ناكۆكی ململانێكان بەلا بخەن و ڕۆڵی گرنگی خۆیان لەم چركە ساتە مێژوویەدا ببینن، بەشێوەیەك ئاڵنگارییەكان كەمبكەنەوە و دەرفەتەكان بقۆزنەوە، لە پێناوی ئایندەیەكی باشتر بۆ گەلەكەمان.

سەبارەت بە دۆخی هەرێمی كوردستان، ژیانی فەرمانبەران و گوزەرانی هاونیشتمانیان بەهۆی دواكەوتنی مووچەی دوو مانگی ساڵی (٢٠٢٤) خراپە، لەگەڵ ئەوەشدا (70) رۆژ بەسەر هەلبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەریوە، بۆیە پێویستە بە زووی پەرلەمانی كوردستان چالاك بكرێت و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان خێراتر بكرێت، پێداویستی و خەمی خەڵك بكرێتە پێشینەی كارەكان.

هەر بۆیە، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان بە گۆڕانكاری لە گوتار و نەهجی نوێی سیاسیمان ساڵێكی نوێ لە پێشڕەوی دەنگ و داواكاری رەوای خەڵك دەستپێدەكەین، بە ئامانجی چاودێریكردن و باشكردنی رۆڵی دامەزراوە فەرمیەكان و نوێنەرایەتیكردنی خەم و داواكارییەكانی هاوڵاتیان.

لە كۆتاییدا، ئومێدەوارین ساڵی نوێ، ساڵی خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتیمانیان بێت.

بزوتنەوەی گۆڕان
٣١ی ١٢ی 2024

یەكێتی: مووچە بەپێی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی چارەسەر بكرێت
پێت یەكێتی: مووچە بەپێی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی چارەسەر بكرێت
لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا
دوات لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا
پەیوەنیدر