سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەبۆنەی هاتنەوەی ساڵی نوێوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكات و ڕایدەگەیەنێت، سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی هەرێمی کوردستان دەکەم.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە هۆی کێشە دروستکردن و نەناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، مووچەخۆرانی هەرێم، ساڵێکی داراییی سەختی دیکەیان بەڕێ کرد.
دەقی پەیامەكەی مەسرور بارزانی:
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینیی 2025، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێم و گشت کوردستانییان دەکەم و هیوای شادی و خۆشگوزەرانی و ساڵێکی پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان دەخوازم.
سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە بە داخەوە بە هۆی کێشە دروستکردن و نەناردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، مووچەخۆرانی هەرێم، ساڵێکی داراییی سەختی دیکەیان بەڕێ کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتوو، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت.
هەروەها ئومێدەوارین، لە زووترین کاتدا، گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئەنجام بگات و لە سەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی حکومەتێکی یەکگرتووی بەهێز و سەرتاسەری دروست بکرێت، کە لە ئاست ئەرک و ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوودا بێت و بێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
ساڵی نوێ لە هەموو لایەک پیرۆز بێت و هیوادارم ساڵی ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی بێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان