کەجەکە پشتیوانیی بۆ پەیامەکەی ئۆجالان ڕاگەیاند



کۆما جڤاکێن کوردستان پشتیوانیی بۆ پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی ڕاگەیاند.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان “کەجەکە” هەڵوێستی خۆی دەربارەی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاند، کە شاندی دەم پارتی دوای دیدارێکیان لەگەڵ ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالی. ئاشکرایان کرد.

هاوسەرۆکایەتی کەجەکە ڕایگەیاند، بڕوایان هەیە، کە لە ساڵی نوێدا ئۆجالان ئازاد دەبێت، پرسی کورد چارەسەر دەبێت و تورکیا هەرێمەکە دیموکراتیک دەبن، لە هەرێمەکە و هەموو جیهان ئاشتی و ئارامی دێتە ئاراوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی کەجەکە بەم جۆرەیە:

مرۆڤایەتی و گەلەکەمان پێدەنێتە ساڵێکی نوێوە. ساڵی رابردوو لە جیهان، هەرێمەکەمان و وڵاتەکەمان شەڕی دابەشکردنی جیهانی سێهەم قووڵبووەوە، زیانی گەورەی گیانی و برینداری زۆری لێکەوتەوە، ناوچەی زیاتری تەنیەوە و بەردەوام بوو. شەڕ بە شێوەیەکی دژوار کاریگەری دەکاتە سەر هەموو مرۆڤایەتی. برسێتی، تونیەتی، دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزاری تەندروستی، هەژاری، بێکاری، هەلومەرجی ژیان دژوارتر بوون و زۆر شوێنی گرتووەتەوە.

لە کوردستان کردەوەی کۆلۆنیالیستی ئەنجامدران

دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیستی قڕکەر، هەلومەرجی شەڕی جیهانی سێهەمی وەک دەرفەت بەکارهێنا و بۆ پاکتاوکردنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان، هیچ شتێک نەما نەیکات. گۆشەگیری لە سەر رێبەر ئاپۆ درێژە پێدا، لە دژی گەریلاکان درێژەی بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی دا، دژوارترین ئەشکەنجەی لە دژی زیندانیانی ئازادیی ئەنجامدا، نکۆڵی لە مافە یاسایی و گەردوونییەکان کرد و هەموو جۆرە پێشێلکارییەکی ئەنجامدا. گوشارەکان لە سەر ژنانیش بەردەوام بوون، کۆمەڵکوژی، گرتن و دەستدرێژی ئیتر وەک شتێکی ئاسایی درێژەی پێدراوە. بەتایبەتی دانانی قەیوم لەسەر چەندین شارەوانی هەڵبژێردرا، دەریخست کە پشووکورتییەکی زۆر لە بەرامبەر مافی ژیانی گەلی کورد هەیە. ئەوانەش بوونە بەرچاوترین کردەوەی کۆلۆنیالیستی.

لەگەڵ پەرەسەندنەکانی سوریا، چەتەکانی سوپای نەتەوەیی سوریای سەر بە حکومەتی تورکی فاشیست لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچێوەی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە بەرامبەر گەلی کورددا، زیاتر لە سەد هەزار مرۆڤیان ئاوارەکرد، ژنان و منداڵانیان کوشت.

هێرشەکان لە دژی گەلەکەمان و بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان، لە بنەڕەتدا بەو ئامانجە ئەنجام دەدرێن کە ئیرادەی بەرخودان، هیوا و بڕوای ژیانی ئازاد بشکێنن. بەرخودانێک کە رێبەر ئاپۆ لە هەلومەرجی گۆشەگیری هەرە دژواردا پەیڕەوی کرد، بەرخودانی قارەمانانەی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە دژی هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سوپای تورک، هەموو لێکدانەوەکانی حکومەتی فاشیستی لەباربرد. ئێمە هەموو ئەو شەڕڤانانەی ئازادی کە لە م بەرخودانە و لە کوردستان شەهیدبوون بە رێز و پێزانینەوە یاددەکەینەوە. لە بناغەی گەورەکردنی تێکۆشاندا خاوەنداری لە یادی ئەوان دەکەین و بڕوامان بە دەستەبەرکردنی سەرکەوتن دەخەینەڕوو.

بەرخودانی گەلەکەمان، رەنجدەران و ژنان کە بە دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ نیشانیاندا، نەیهێشت کە حکومەتی کۆلۆنیالیست و فاشیست بگاتە ئامانجەکانی. بە تایبەتیش هەڵمەتی ‘ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ، چارەسەریی سیاسی بۆ پرسی کورد’ کە بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان و گەلەکەمان لەگەڵ دۆستانیان لە سەر ئاستی جیهان بەڕێوەیان برد، سنوورەکانی کوردستانی تێپەڕاندووە و بە جیهانی بووە. بۆ ئەوەی ئەو تاریکاییەی دەخوڵقێندرا بڕەوێنێتەوە، رۆڵێکی گەورەی گێڕا وئاستێکی گەورەی ئازادیی ئافراند.

رێبەر ئاپۆ لە ٢٨ی کانونی یەکەمدا لەگەڵ شاندی دەم پارتی دیداری سازکرد. ئەو دیدارە لە ئەنجامی هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی، بەرخودانی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان، گەلەکەمان و دۆستانمان لە کوردستان و تەواوی جیهان، بە ئەنجام گەیشت. لەو دیدارەدا رێبەر ئاپۆ لە دژی ئەو تاریکیەی دەسەپێندرێت، جارێکی دیکە بە بەرپرسیارێتیەکی مێژووییەوە روانگە ئەرێنییەکانی خۆی، چارەسەری و روانگەیەکی نیشاندا کە ئاسۆی هزر فراوانتر دەکات. لەگەڵ چارەسەری پرسی کورد، دیوکراتیک بوونی تورکیا و چارەسەری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە بڕوا و ئیرادەیەکی گەورەوە ئەوەی خستەڕوو کە ئاشتی دادپەروەرانە لە هەموو جیهان ئەرکێکی خێرا و بەپەلەیە، بۆ گەل، بزوتنەوە، رەنجدەران، ژنان، هەموو باوەڕییەکان و کولتورەکان ئاسۆیەکی نوێی ئازادی، هیوا و بڕوای بونیادنا. رێبەرایەتیمان روانگەکانی خۆی بۆ چارەسەری لە ٧ خاڵدا دیاریکرد، ئەوەش وادەکات کە ئێمە وەک بزوتنەوە و گەل بە هیوای زیاترەوە لە ساڵی نوێ نزیک ببینەوە و ئەو ئەرکانەشی کە دەبێت جێبەجێیان بکەین، بۆ ئێمەی دیاری کردووە.

وەک بزوتنەوەی گەل و ئازادی، ئێمە رایدەگەیەنین کە روانینەکانی رێبەرایەتیمان کە لە دوا رۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا وەک مانیفیستۆیە، لە ساڵی نوێدا دەبێتە رێنیشاندەری تێکۆشانمان. ئێمە داوا لە گەلەکەمان، سەرجەم دۆستانمان، هەموو بەشە سیاسییەکان و رێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکانی لایەنگری چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیا دەکەین کە لە سەر ئەو بنەمایە تێبکۆشن. بە بیر و بڕوای ئەوەی کە لە ساڵی نوێدا رێبەر ئاپۆ ئازاد دەبێت، پرسی کورد چارەسەر دەکرێت، تورکیا و هەرێمەکە دیموکراتیک دەبێت و ئاشتی و ئارامی هەرێمەکەمان و سەرتاسەری جیهان دەگرێتەوە، ئێمە سەرەتا سەری ساڵی نوێ لە رێبەر ئاپۆ، هەموو هاوڕێیان، ژنان و رەنجدەران کە لەپێناو ئازادیدا تێدەکۆشن، پیرۆز دەکەین.

وەزارەتێک بۆ ساڵی نوێ هەلی کار ڕادەگەیەنێت
پێت وەزارەتێک بۆ ساڵی نوێ هەلی کار ڕادەگەیەنێت
نرخی زێڕ دابەزی
دوات نرخی زێڕ دابەزی
پەیوەنیدر