بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم، ئامادەکارییەکانی بۆ ڕێگریکردن لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو لە ئاهەنگی سەری ساڵ بە کۆتا گەیاند و باسی لەوەشکرد کە 75 تیمی گەڕۆک جێگیرکراون.
سەرکەوت کاکەڕەش، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: داوا لە هاووڵاتییان دەکەن پێش ئەوەی لەماڵەوە دەربچن و بەشداری ئاهەنگەکان بکەن، کەلوپەلە کارەباییەکانی ماڵەوەیان بکوژێننەوە، تا دوربن لە روداوی نەخوازراو.
وتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێم ئەوەشی زیاد کرد: 75 تیمی گەڕۆک جێگیرکراون لەو شوێنانەی کە ئاهەنگی سەری ساڵیان تێدا ئەنجامدەدرێت.
سەرکەوت کاکەڕەش، وتیشی: بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان بە هەموو شێوەیەک لە هۆڵ و شوێنە داخراوەکان قەدەغەیەو دەبێت هۆڵەکان سەرجەم مەرجەکانی بەرگری شارستانی جێبەجێبکەن.
وەک وتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێم ئاماژەی پێکرد، هاووڵاتییان دەتوانن لەهەر حاڵەتێکی نەخوازراودا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 115 بکەن، بۆ ئەوەی تیمەکانیان بە زووترین کات بگەن بە فریایان.