وەزیری تەندروستی هەرێم روونکردنەوە لەبارەی دەنگۆی پیدانی تاقیگە حکومییەکان بە کەرتی تایبەت دەدات و دەڵێت”ئەونە دەنگۆن و تەنها بۆ چەواشەکارییە”.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەنگۆی پیدانی تاقیگەکان بە کەرتی تایبەت دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە، بەڵکو تەنها بۆ چەواشەکردنی هاووڵاتیانە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی وەک گرێبەست بڵاوکراوەتەوە دوورە لەڕاستییەوە، بەڵکو ئەوانە پێداویستی دابینکاری تاقیگەن و لە جیهانیشدا ئەو پێداویستییانە 100٪ لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دابیندەکرێت ئەوانیش سیمپڵەکانن و ماددە کیمیاییەکانن بۆ شیکاری.
سامان بەرزنجی وتیشی، بەپێچەوانەی ئەو دەنگۆیانە، ئەم گرێبەستانە داهات بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە و بەشێوەیەکی زانستى و یاسایی کراون، هاوکات باشی ئەم پرۆژەیە لەوەدایە بێجگە لە گەڕاندنەوەی داهات، وادەکات کارمەندی زیاتر پێویست بن و دەفەتی هەلی کاری زیاتر دەرەخسێنێت.
ڕاشیگەیاند، هیچ برە پارەیەک بۆ پشکنینەکان و بیتاقەکان زیادناکرێت و وەک خۆی دەمێنێتەوە، چونکە حکومەت نایەوێت بارگرانی بۆ هاووڵاتیان دروستبکات، بەڵکو دەیەوێت نەخۆش ناچار نەبێت بۆ پشكنین بچێت بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەكان.