سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەوە كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردە لە مەترسیدان و دەشڵێت: گرێبەستی تەندروستی لەگەڵ كۆمپانیاكان باری سەرشانی نەخۆش و هاووڵاتیان سەختتر دەكات.
مستەفا عەبدوڵڵا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتو لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەكاتێكدا هاووڵاتیان لە ڕەوشێكی خراپی ئابووریدان وەزارەتی تەندروستی گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیایەك بۆ تاقیگەی پزیشكی كردوە، كە باری شانی نەخۆش و كەمدەرامەتان سەخت دەكات.
وتیشی، “بەپێی دەستوور دەبێت خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لەكەرتی حكومیدابن نەك ئامرازێك بن بۆ دەوڵەمەندكردنی كۆمپانیاكان، سەرجەم ئەو گرێبەستانەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان دەیكات بۆ قازانجی خۆیەتی و هیچ كامیان خزمەت بە هاووڵاتیان ناكەن”.
ڕاشیگەیاند، مووچە و كارەبا و خزمەتگوزارییەكان وەك پێویست نین تائێستا مووچەی مانگی 11 و 12 نەدراوە وا دەچنە ساڵی نوێی 2025، لەكاتێكدا مووچەی مانگی 10 بە چ جۆرێك دابەشكراوە، كە ماوەیەكی زۆر پارەكەی نێردرابوو دابەش نەدەكرا.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو هۆشداریشی دا، “ئێستاش مووچەی مانگی 11 بەشێكی زۆری هاتووە و پارەی زۆر لە بەردەستدایە بۆچی تەواوكاری بۆ ناكرێت و سەرشانی هاووڵاتیان و فەرمانبەران سوك ناكرێت، ئێستا فەرمانبەران لە چ قۆناغێكدان كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردە لە چ قۆناغێكی پڕ مەترسیدان لەكاتێكدا داهاتیش زۆرە وەك داهاتەكانی نەوت و سنوورەكان و ناوخۆ”.