هێزێكی گەورەی ئەمریكا بە 60 بارهەڵگر چەك و پێداویستی سەربازییەوە گەیشتە ڕۆژئاوای كوردستان و شەڕی نێوان هەسەدە و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا بەردەوامە و بە دەیان چەكدار كوژراون.
کەناڵی (العربیە) بڵاویكردەوە، ئەمریکا 60 بارهەڵگری پڕ لە چەک و تەقەمەنی ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان كردووە، كە ئەو كاروانە لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە ناو خاکی باكووری سووریا “ڕۆژئاوای كوردستان”.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دڕەنگی شەوی ڕابردوو فڕۆکەیەکی جەنگی بارهەڵگری ئەمریکا، کە سەرباز و چەک و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی پێبووە لە بنکەی سەربازی خەراب جیریی ڕومێلانی باکووری حەسەکە نیشتووەتەوە.
دەشڵێت: لەگەڵ گەیشتنی فڕۆکە بارهەڵگرەکەدا لە ئاسمانی ناوچەکەدا چەندین فڕۆکە چاودێرییان کردووە.
هاوکات، هەر ئەمڕۆ کاروانێکی گەورەی سەربازی هاوپەیمانان لەعێراقەوە گەیشتۆتە حەسەکە و دێرەزوور.
بهگوێرهی ڕوانگهی سووری بۆ مافهكانی مرۆڤ، ئهمڕۆ دوو شهممه شەڕ و پێکدادانەکان لە نێوان لایەنە چەکدارەکانی پاڵپشتی تورکیا و شەڕڤانانی کورد لە باکووری سوریا بەردەوامە و لە ئەنجامدا لە دوێنێوه 31 كهس (26 چهكدار و سێ شهڕڤان) گیانیان لهدهستداوه.
ئاماژهی بهوهشكردووه، 7 چەکداری گرووپە چەكدارەكانی سەر بە تورکیا هەر ئهمڕۆ لە تێکهەڵچوون لەگەڵ شهڕڤانانی کورد لە ناوچەی مەنبەج و هەروەها لە خودی شاری مەنبج، کە لە سەرەتای ئهم مانگهوه لە ژێر کۆنتڕۆڵی گرووپە چەكدارەكاندایە، كوژراون.
ڕوانگهی سوری دهڵێت: 13 ئەندامی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە تورکیا كوژراون دوو شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده) گیانیان لهدهستداوه، ئهوهش لە ئەنجامی توندبوونەوەی شەڕەکانی نێوان ئەو دوو هێزه لەسەر میحوەرەکانی بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و ڕۆژهەڵاتی حەلەب.
ئهوهشی خستوهتهڕوو، دوێنێ یهك شهممه 6 ئەندامی گرووپه چهكدارهكانی لایەنگری تورکیا کوژراون و 3 ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات (ههسهده) لە گوندەکانی منبج گیانیان لەدەستداوە.
هەفتەی رابردووش فڕۆکەیەکی دیکەی بارهەڵگری ئەمریکا چەک و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی گەیاندوەتە هەمان بنکەی سەربازی، جگە لەوەی لەڕێگەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە لەگەڵ ڕۆژئاوا چەندین بارهەڵگر چەک و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی گەیەندراوەتە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ڕۆژئاوای كوردستان.
لای خۆشیەوە، كاتۆ سەعدوڵا، شارەزای پەیوەندییەكانی ئەمریكا دەڵێت: تائێستا هیچ هەنگاوێك لە ئارادانیە بۆ كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە عێراق، نە لەلایەن ئەمریكا و نە لەلایەن حكومەتی عێراقیشەوە.
جەجتیشی كردەوە، دۆناڵد ترەمپ هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەهێڵێتەوە بۆ پاراستنی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و بەجێیان ناهێڵێت، رێككەوتنەكانی نێوان واشنتۆن و بەغداش پابەندكەر نییە بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریكا.