ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لەسەر دەرکردنی بڕیارێک لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە دادگای باڵا سکالا دەکات و دەڵێت” سكاڵامان دەبێت لەسەر ئەم كردە ناپەسندەی وەزارەتی تەندروستی”.
عەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە فراکسیۆنی یەکێتی بڵاویکردەوە، حكومەتی هەرێم لەبری دۆزینەوەی چارەسەر بۆ مووچە و كەشێكی گونجاو بۆ بازاڕ، زیاتر سەرشانی هاووڵاتیانمان قوڕس دەكات، ئەویش بە بڵاوبوونەوەی قسەوباسی پێدانی تاقیگەكانی حكومی بەكەرتی تایبەت بۆ ماوەی (10) ساڵ.
ئاماژەی بەوەشداوە، پاڵپشت بە مادەی (٦١/دووەم) و مادەی (٣١/یەکەم) دەستوور، و لە ئەگەری دڵنیابوون لە بەركاربونی ئەم كارە نا تەندروستی و نادەستووریە، بێگومان ڕێكاری یاسایی لە دادگای باڵای عێڕاق دەگرینەبەر و سكاڵامان دەبێت لەسەر ئەم كردە ناپەسندەی وەزارەتی تەندروستی.
ئەو ئەندام پەرلەمانە دەشڵێت، ئەم بڕیارە جگە لە خراپكاری و قۆرغكاری دژ بە هاووڵاتیان، هاوكات زیانی تەواویش بەر كەرتی تەندروستی دەگەێنێت لەڕوی تەندروستی تاقیگەكان و هەروەها، بارگرانی مادیش لەسەر هاووڵاتیانی هەرێم دروست دەكات.
عەریب ئەحمەد داوایەک ئاڕاستەی وەزیری تەندروستیش دەکات و دەڵێت”داوا لە وەزیری تەندروستی دەكەین خۆیان وەك وەزارەتێكی حكومی بە باشتر لە ڕابردوو ئیدارەی تەندروستی ئەم تاقیگانە بدەن و سەحبی واژۆی گرێبەست نامەكەیان لەگەڵ كۆمپانیای شەخصی بكەنەوە، ئەمە بۆ خۆشیان و هاووڵاتیان-یش باشتر دەبێت”.
جێی ئاماژەیە جەند ڕۆژێکە باسی پێدانی تاقیگە حکومییەکان بە کەرتی تایبەت مشتومڕی گەرمی لەنیو هەرێم دروستکردووە و هەندێک بە نایاسایی وەسفی دەکەن و داوای کشانەوە لەو گرێبەستە دەکرێت.