محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “ناردنی داهاتی هەرێم بۆ بەغدا هەڵەیە، هەرێم داهاتی خۆیەتی” و دەشڵێت: پێشتر نە لەبەغداوە پارەی بۆدەهات و نە لە ئەمریکاشەوە پارەی بۆدەهات، بەڵام مووچەش هەبوو، خزمەتگوزاریش هەبوو.
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بۆ میدیای حزبەكەی ڕایگەیاند، ناردنی داهاتی هەرێم بۆ بەغداد هەڵەیە، هەرێم داهاتی خۆیەتی، ئەگەر لەسەر ئەوە ڕێککەوتنیش کرابێت، ڕێککەوتنەکە هەڵەیە.
وتیشی، “من پێموانییە داهاتی کوردستان ئەوەندە کەم بێت، بەشی هەرێمی کوردستان نەکات، من پێموایە ئەگەر هەرێمی کوردستان داهاتەکەی کۆبکاتەوە و ڕێکیبخات و رادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی بکات بە بێ دەستکاری و بە خەڵکی کوردستان بڵێت، ئەو بڕە داهاتەمان هەیە و چاوەڕێی بەغدا نەبن و مووچەی خۆیان بدەن، ئەگەر نیومووچەش بێت، حکومەتی هەرێم دەتوانێت ئەو مووچەیە بدات.”
وتیشی، “لە 1992ەوە تا 2003 هەرێمی کوردستان نە نەوتی هەبوو، نە لەبەغداوە پارەی بۆدەهات و نە لە ئەمریکاشەوە پارەی بۆدەهات، بەڵام مووچەش هەبوو، خزمەتگوزاریش هەبوو، پەرلەمان و حکومەت هەبوو، شەڕی ناوخۆشی پێوەدەکرا و بەشی هەمووی هەبوو، کەچی ئێستا نەوتیش دەفرۆشرێت، پارە لە ئەمریکاش وەردەگیرێت، باج و گومرگ هەیە، بەڵام بەش ناکات و ئەمەش جێگەی پرسیارە.”