ڕەغد سەدام حسێن لە یادی لەسێدارەدانی باوکیدا: لە پشت پەردەوە نامێنمەوە



ڕەعد سەدام حسێن لە ساڵیادی لەسێدارەدانی باوکیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە لە پشت پەردە نامێنێتەوە و ئەو کەسەش کە ئێستا سووریا بەڕێوەدەبات، تا دوێنێ ئەمریکا بە تیرۆریستی دەزانی.

ئەمڕۆ دووشەممە، ڕەغد سەدام حسێن لە یادی 18 ساڵەی لەسێدارەدانی دیکتاتۆری پێشووی عێراقدا پەیامێکی دەنگیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕووداوی جۆراوجۆر و خێرا لە گۆڕەپانی عەرەبی ڕوویاندا و “ئەمڕۆش ناوچەکەمان کارەساتی گەورە و ڕووداوی مەترسیدا بەخۆوە دەبینێت”.

بە ئاماژەدانیش بۆ ئەو هێرش و کاولکارییانەی کە ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان و سووریا ئەنجامی داون دەڵێت “پێدەچێت عێراقیش بە دۆخێکی هاوشێوە یاخود سەختتردا بڕوات”.

ڕەغد لە پەیامەکەیدا کە ئاڕاستەی عێراقییەکانی کردووە دەڵێت: “ساڵانێکی درێژە بڕواتان بە ڕۆڵی من هەبووە و لە ئاستێکی باڵای ئەو بەرپرسیارێتییەدا دەبم، عێراق عێراقی ئێمەیە و بە باشترین شێوە ڕۆڵی خۆمان دەبینین”.

کچەکەی سەرۆکی ڕژێمی پێشووی بەعس ڕاشیگەیاند، “هیچ کاتێک کەسێکم لە ڕووکەش دانەناوە بۆ ئەوەی خۆم لە پشتی پەردەوە بم… ئەو ئەرکە ڕادەپەڕێنم کە پێمسپێردراوە، نەک لە پشتی پەردەوە بم”.

ڕەغد دەربارەی ڕووداوەکانی سووریاش دەڵێت: “تا دوێنێ ئەمریکا و ڕۆژئاوا ئەو کەسەیان بە تیرۆریست دادەنا کە ئێستا سووریا بەڕێوەدەبات، بەڵام لە شەو و ڕۆژێکدا بابەتەکە بە تەواوی گۆڕا”.

ڕەغد لە دوای قوسەی و عودەی، سێیەم منداڵی سەدام حسێن سەرۆکی ڕژێمی پێشووی بەعسە و لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتەکەی باوکی ڕووی لە ئەردەن کردووە و جیاواز لە ڕەنا و حەلای خوشکە بچووکەکانی، ناوبەناو پەیامی سیاسی بڵاودەکاتەوە.

كەشناسێک: داوا دەکەین مامۆستایانی ئاینی ڕۆژی هەینی نوێژە بارانە ئەنجام بدەن
پێت كەشناسێک: داوا دەکەین مامۆستایانی ئاینی ڕۆژی هەینی نوێژە بارانە ئەنجام بدەن
وادەی خەرجکردنی پارەی کارمەندانی سەرژمێری ڕاگەیەندرا
دوات وادەی خەرجکردنی پارەی کارمەندانی سەرژمێری ڕاگەیەندرا
پەیوەنیدر