وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بۆ دڵنیابوون لە جێگیربوونی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕە ناوخۆییەكان چەند رێكارێكی ڕاگەیاند.
مەهدی سەهر، یاریدەدەری ئەمینداری كارگێڕیی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕایگەیاند، كار بۆ دابینكردنی گۆشتی سوور دەکەن لە بازارە ناوخۆییەکاندا، و رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخەكان دەکەن.
بە پێی وتەی ناوبراو، نرخی گۆشتی سوور تاڕادەیەك سەقامگیریی بەخۆوە بینیووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا پێشبینی دابەزینی زۆری نرخەكەی دەكرێت بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی خۆماڵی و زۆری هاوردەكردنەوە كە دەتوانێت خواستی بازاڕ پڕبكاتەوە.
هاوکات ڕوونیشیكردەوە، ئێستا دەرگای هاوردەكردنی ئاژەڵیان بەمەبەستی گۆشتەكەی و بەخێوكردنیش كردووەتەوە، جگە لە هاوردەكردنی گۆشت لە وڵاتانی جیهانەوە بەو مەرجەی وڵاتەكە ئەندامی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بێت.
جەختیشیكردەوە، هەوڵەكانی وەزارەت بۆ بەدواداچوون بۆ بازاڕە ناوخۆییەكان و دابینكردنی پێداویستی هاوڵاتییان بۆ كەلوپەل و بەرهەمە كشتوكاڵیەكان بەردەوامە.
هەروەها ڕاشیگەیاند، ئاسانكاری بۆ رێكارەكانی هاوردەكردنی گۆشتی سوور و ئاژەڵ لە دەرەوەی وڵاتەوە لە رێگای ئەلیكترۆنییەوە كراوە و پلاتفۆرمی تایبەت بە پێشكەشكردنی داواكاریی هاوردەكردن خراوەتەڕوو.