بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستان داوای یەکلاکردنەوەی چارەنووسی سزادراوانی سێدارە دەکات و دەڵێت”بارگرانین بەسەرمانەوە”.
ئیحسان بابان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، “ئەو سزادراوانەی کە سزای لەسێدارەدانیان هەیە لە ناو چاکسازیەکان هەمان بەرنامە و خزمەتگوزاریان وەک سزادراوانی دیکە پێشکەشدەکرێت”.
وتیشی، داوامان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کردووە چارەنووسی ئەو سزادراوانە یەکلایی بکاتەوە، ئێمە داوامان کردووە سزاکەیان لەسێدارەوە بۆ بکرێت بە هەتاهەتایی یاخود سزاکانیان بەسەردا جێبەجێبکرێت یان لە ئێمە جیابکرێنەوە، “چونکە بەڕاستی بوونەتە مایەی بارگرانی بۆمان.”
بەڕێوەبەرەکە داوایەک لە حکومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت”ڕاستە چاکسازی سزادراوی لەسێدارەش دەگرێتەوە، بەڵام دەبوایە نەیانگرێتەوە، لەبەر ئەوەی مادەکان هەم لە ڕووی ڕێکاری هونەری هەم لە ڕووی ئیداریەوە جیاوازن، بۆیە دەبێت شوێنی تایبەت بە ئەوان هەبێت.”
لەهەرێمی کوردستان شەش زیندانی چاکسازی گەوران و ژنان و منداڵان هەن، کە دووانیان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانیان لە هەولێر و دووانی تریان لە دهۆک. کۆی گشتی سزادراوانی نێو چاکسازیەکان بریتییە لە 5 هەزار و 752 کەس. لە نێو سزادراوەکان هەزار و 527 کەس سزادراوی مادەی هۆشبەرن و 479 کەسیش سزای لە سێدارەدانیان هەیە.