شاندێكی ئەنەکەسە لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەکگرتوو كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، پێزانیمان هەیە بۆ هەوڵەکانی لەپێناو یەک ڕیزی و یەک هەڵوێستی کوردانی لە سووریا.
نووسینگەی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بڵاویكردەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ یەك شەممە بەرواری 29/12/2024 مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاوەری شاندێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی، پێشوازی لە شاندێكی نوێنەرایەتی ئەنەكەسە بە سەرۆكایەتی جەدعان عەلی كرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، سەرۆکی شاندی ئەنەکەسە پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو کرد بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە و هەڵبژاردنەوەی مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین وەک ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، هاوکات ڕۆڵی ئەمینداری گشتی یەکگرتوویان لە پرسی کوردانی ڕۆژئاوا و هاوکاری وپشتگیریەکانی بەرز نرخاند.
سەرۆكی شاندی ئەنەكە وتیشی، “پێزانیمان هەیە بۆ هەوڵەکانی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، کە لە پێناو چارەسەرو یەکڕیزی هەڵوێست و ماڵی کورد لە سووریا دەیدات، ئێمە وەک ئەنەکەسە هەوڵەکانیان بە گەورە و باش دەزانین و هیوادارین ڕۆڵ و کارێزمایی مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین زیاتر هاریکاربێت وەک لە ووتە و کرارەکانیشی هەوڵەکانی لە پێناو کوردانی ڕۆژئاوا بەدی دەکەین و زۆر سوپاسی دەکەین”.