دوابەدوای بڕیاری سەرۆكی یەكێتی بۆ داخستنی یانەكانی شەوانە لە ماوەی ڕابردوودا، لە ئێستادا هاووڵاتیان داوای داخستنی قومارخانەكانیش دەكەن و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش یەكەم هەنگاوی یاسایی لەو ڕووەوە دەگرێتەبەر.
محەمەد ڕەسوڵ، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بە واژۆی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا یاداشتێكمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن كرد، بە مەبەستی داخستنی ئەو قومارخانانەی لە سلێمانیدا ھیچ پاڵپشتیەكی یاساییان نییە.
ڕاشیگەیاند، بەهۆی قومارخانەكانەوە چەندین خێزان هەڵوەشاونەوە و سەدان ژن و منداڵ سەرگەردان و ماڵوێران بوون و زۆر كێشەی كۆمەڵایەتی لێكەوتۆتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا، لەسەر بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە سلێمانی هەڵمەتێك بۆ داخستنی یانە شەوانەكانی گەڕەكی سەرچنار دەستی پێكرد و بڕیاری دا ئەو گەڕەكە، كە ناوچەیەكی گەشتیاریە بگەڕێنرێتەوە بۆ سروشتە گەشتیارییەكەی.
نووسینگەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاویكردەوە، “بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای ئەوەی ڕێژەیەكی زۆر گلەیی و سكاڵای هاولۆاتیانی پێگەیشتبوو، سەردانی گەڕەكی سەرچناری سلێمانی كرد و ژینگەی شێوێنراو و دوور لە بەها باڵاكانی كۆمەڵگەی كوردەواری بینی، بڕیاریدا بە داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی دوورن لە ئاین، ئاكار و رەوشتی بەرزی كۆمەڵگەی كوردییەوە”.
بافڵ تاڵەبانی وتیشی، “سەرچنار یادەوەرییەكی شیرینی شارە حەیاتەكەیە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی خێزانەكانی شار بۆ پشوو و كاتبەسەربردن ڕوویان تێدەكرد و هەستیان بە ئارامی دەكرد. ئەم بڕیارەش لەپێناو پاراستنی ئارامی و ڕەخساندنی ژینگەیەكی لەبارە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەی شارەكەمان”.