پەرلەمانی کەتەلۆنیا پشتگیرییان بۆ هەسەدە ڕاگەیاند و جەختیان لەسەر یەکڕیزی کورد لە سووریای نوێ کردەوە.
ڕۆبن باگێنزبێرگ ئەندامی شاندی پەرلەمانی کەتەلۆنیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی میدیایدا، بۆ میدیای پارتی ڕایگەیاند، لەگەڵ مەزڵوم عەبدی و بەرپرسانی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبوینەوە، و جەختمان لە یەکڕیزی هەڵوێستی کورد و کاری جدیکرد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان.
ئاماژەی بەوەشداوە، دوای هێرشەکانی تورکیا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دۆخی ناوچەکەمان تاوتوێکرد، ئێمە لە کەتەلۆنیاوە پشتگیری لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەکەین و پاڵپشتی تەواویان دەکەین، چونکە ئەوان پارێزەری کەمینە و سەرجەم پێکهاتەکانی سووریان لە ناوچەکە، و بەپێویستی دەزانن کورد لەسەر مێزی گفتوگۆکان بن.
ڕاشیگەیاند، بە مەزڵوم عەبدیمان وتووە، دەبێت فشار لە حکومەتی نوێی سووریا بکات بۆ دابینکردنی مافەکانی کورد و نەتەوەکان لەناوچەکە، و لە پەرلەمانی کەتەلۆنیا لەساڵی 2021وە دانمان بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا ناوە و پەیوەندیمان دروستکردووە، و داواکارین پەرلەمانەکانی تریش دان بەواندا بنێن.
باگێنزبێرگ وتیشی، گفتوگۆکانمان تایبەتبوون بە دۆخی مرۆیی و پێکهێنانی حکومەتی نوێی سووریا، جەختمان کردەوە دەبێت کورد یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بن بۆئەوەی بتوانن سەرجەم ماف و دەستکەوتەکانیان بەدەستبێنن، بۆئەوەی کورد بتوانێت بەهێزبێت لەو ناوچەیە.
وتیشی، ئێستا دەرفەتێک هەیە بۆئەوەی کورد بتوانێت گرەنتی وڵاتی خۆی بکات، دەبێت هەموو گەلی کورد و کەمینەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان مافەکانیان پارێزراوبن و یەکگرتووبن و لە دیمەشق گفتوگۆی جدی بکەن، چونکە دۆخی مرۆیی لە ڕۆژئاوا لە بارێکی خراپدایە، رەوشەکە باش نییە و زۆر خراپە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوێ کارناکەن و هاوکارییەکان ناگەنە ئەوێ، دەبێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بچنە ڕۆژئاوای کوردستان و دەرفەتە هاوکاری خەڵکانی ئەوێ بکەن.