کەشوهەوای ساڵی نوێ ئاسمان شەوان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر دادەبەزن، بە وتەی کەشناسێکی کوردیش ساڵی نوێ بە خێرایی با پێشوازی دەکات.
پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای کەشناسی بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند: کەشوهەوای سەریساڵ ئاسمان بە ڕۆژ هەور و خۆر دەبێت و بەشەوان ساماڵ دەبێت.
وتیشی: “پلەکانی گەرما بە شەواندا بۆ سفر و ژێر سفری سەدی نزم دەبێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان بەستن و شەختە دروست دەبێت، لە پێ دەشتەکان و ناوشارەکان بەهۆی چالاک بوونی بای باکووری ڕۆژهەڵات کەش سارد دەبێت و خێرایی با لە 20 کیلۆمەترەوە بۆ 45 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا و بەپێی کات و شوێن گۆڕانکاری روودەدات.
هاوکات سالار حاجی عەلی، شارەزای کەشناسی بۆ “تۆڕی میدیایی خەڵک” وتی: “ساڵی نوێ بەخێرایی با پێشوازی لە سروشت دەکات”.
وتیشی: “لە شەوی کۆتایی ساڵ بۆ سەرەتای شەوی ساڵی نوێ 01/01/2025 هەرێمی کوردستان دەچێتە ژێر کاریگەری خێرایی بای باکوور و بای باکووری ڕۆژهەڵات، ئەم کاریگەرییە سەرەتا لاوازە دواتر هێزی خێرایی زیاد دەکات، لەگەڵ خۆی هەوایەکی ساردو وشک دەهێنێت، چونکە ئەو هەوا ساردە بەسەر بەفر بە ناو بەفردا دێت سودی هەیە بۆ پاک کردنەوەی هەوای پیسی ناوشارەکان وەک تۆزو خۆڵ و دوکەڵ لەسەر ئاسمانی شارەکان و پێدەچێت ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت”.