ناوەڕۆکی پیشەییانەی میدیایی



یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی ئاستیی کەناڵە میدیاییەکان، وەڵامدانەوەی حەز و خواستی وەرگر، یاخود هەراسانکردنی وەرگر و توڕەکردنیانە بۆ ئەوەی کاردانەوە بنوێنن.

ئەوانەی باکیان بە پیشەییبوون و پابەندبوون بە بنەماکانی پیشەی میدیاییەوە نەبوو، لە ساڵانی ڕابردوو، بە کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین لایک، کۆمێنت و ڤیو ئەسپی بەختی خۆیان تاو دا و حەزی لاساییکردنەوە و گۆڕینی ئاراستەی تاک لە بابەتی جددییەوە بۆ بابەتی بێ بەها، ئامانجەکەی بۆ هێنانەدی و گەیشتنە سامان و پۆست.

جێی سەرنجە، کاتێک خوێنەر و بەکارهێنەری ئینتەرنێت سەردانی وێبسایتەکانی دەکرد، ئەوان لە ڕێگەی گزی و ساختەکارییەوە یاریان بە ژمارەی سەردانکارانی وێبسایتەکانیان دەکرد و ناو بەناو داتای ئەلێکسایان بڵاودەکردەوە، کە یەکەمن.

کاتێکیش وەرگر بێزار بوو لە ساختەکاری و چەواشەکردنی ناونیشانەکان و لە سایتەکان تەکییەوە و ڕووی لە سۆشیال بوو زیاتر، بەشێک لە کەناڵ و سەرچاوە میدیاییەکان هەموو خەمێکیان بووەتە ئەوەی چۆن ڕاوی بەکارهێنەری سۆشیالمیدیا بکەن؟ چۆن توڕەی بکەن و وای لێ بکەن کاردانەوە پیشان بدات.

بۆ ئەوان گرنگ نییە، لە کۆی ئەو سەد کۆمێنتەی هاتووە، 99یان ڕەخنە و گلەیی و دژوێن بێت بە خاوەنی کەناڵ و بەڕێوبەر و کۆی دامەزراوەکە، بۆیان گرنگە کۆمێنت نووسراوە.

سەرچاوەی ڕاستەقینە و پیشەییانەی هەواڵ و زانیاری هەرگیز بەو جۆرە کار ناکات، خوێنەرەکانی تووڕە و نیگەران ناکات تا دژوێنی پێ بدەن، پەکی لەسەر ئەوەش نەکەوتووە، ئاستی خۆی دابەزێنێت بۆ ئاستی شەڕە دژوێن و سوکایەتی لە کۆمێنت. ئەو بە کردەوە دەبێتە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری.

ئاستی کەناڵ و سەرچاوە میدیاییەکان بە جۆرێک لاواز و بێ بەها بووە، زڕەپەیجێکی بێ ناسنامە ئەتوانێت فریویان بدات، ئەکاونتێک یان هەژمارێکی ساختە ئەتوانێت لەخشتەیان بەرێت.

تەنانەت سادەترین بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەتوانێت بەکاریان بهێنێت و بیانخاتە تەڵەوە.

هەر ئەمەیە وایکردووە بێ بەدواداچوون، بێ پشتڕاستکردنەوە، ڕۆژانە ئەم کەناڵ و سەرچاوانەی، خۆیان بە پیشەیی ناودەبەن و پارەیەکی زۆر لە بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی میدیایی خەرج دەکەن، لێشاوێک هەواڵی ساختە و بێ بنەما و زانیاری شێوێندراو بڵاوبکەنەوە.

دابەزینی ئاستی میدیاکارانی کەناڵەکان و نەبوونی هۆشیاری لە بارەی چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ بابەتی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وایکردووە، ئەو کەناڵانەی خەرجی مانگانەیان ملیۆنان دۆلارە، ڕەدووی پەیجی بێ ناسنامە بکەون و دابەزن بۆ ئاستێکی هەرە نزمی کاری میدیایی، بە جۆرێک لە 15 هەواڵ لە بارەی هاتن و نەهاتنی موچەوە تاقە یەک هەواڵیان ڕاست دەرناچێت.

دەبوایە ئەوانەی بانگەشەی پیشەییبوون دەکەن، خەمی جددیان ئەوە بوایە ئاستی بەکارهێنەرانی سۆشیالمیدیا بەرز بکەنەوە، بە زانیاری ڕاست و پشتڕاستکراو تەغزییەی سۆشیالمیدیایان کردبا، نەک خۆیان خەریکی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی زانیاری بەکارهێنەرانی سۆشیالمیدیا بن، بە جۆرێک خوێنەر هیچ جیاوازییەک لە نێوان پەیجی کەناڵێکی پیشەیی و پەیجێکی بێ ناسنامە نەکات.

سەیر ئەوەیە ئەو کەناڵانەی نزیکی حکومەتن و دەستیان بەسەرچاوەی زانیاری ڕادەگات و هەموو دەرگایەکیان بۆ خراوەتە سەر گازی پشت و مانگانە ملیۆنان دۆلار خەرجیی بەرهەمێهێنانی ناوەڕۆکی میدیاییانە، کەچی بە هۆی دابەزینیان بۆ ئاستی زڕەپەیج و ئەکاونتی بێ ناسنامەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە هەموو کەناڵەکانی دیکە زیاتر زانیاری هەڵە و چەواشەکرا و شێوێندراو و فەیک بڵاودەکەنەوە و گوێ بە بەرپرسیارێتی لە ئاست وشە و زانیاری نادەن. هەندێکجار پەیجی کەناڵەکانیان هاوشێوەی تەنەکەی خۆڵە و هەرچی ئەکەوێتە بەرچاویان بڵاوی دەکەنەوە، بێ ئەوەی دەربەستی پشتڕاستکردنەوە و بەدواداچوون و وردی و ڕاستگۆیی ببن.

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێم
پێت نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێم
ئەحمەد شەرع: لەگەڵ هەسەدە دانوستان دەکەین
دوات ئەحمەد شەرع: لەگەڵ هەسەدە دانوستان دەکەین
پەیوەنیدر