شاندی دەم پارتی ناوەڕۆکی دیدارەکەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، داوای پتەوکردنی برایەتی تورک و کوردی کردووە بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی وەسفی کردووە و ڕاشیگەیاندووە کە سەردەم سەردەمی، ئاشتیی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئوندەر ناوەڕۆکی دیدارەکەی دوێنێیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمرالی بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئۆجالان تەندروستی باش بووە و ورەشی زۆر بەرز بووە.
ئەوەشیانخستەڕوو کە “هەڵسەنگاندنەکانی بەرەو دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسی کورد گرنگییەکی ژیانی هەبوو” و لەو دیدارەدا کە دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا هەڵسەنگێندرا، ئۆجالان ڕێگەچارەی ئەرێنی بۆ سیناریۆ تاریکە گریمانەکراوەکانی پێشکەش کرد.
ئۆجالان ڕایگەیاندووە کە “پتەوکردنەوەی برایەتی تورک-کورد بووەتە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و گرنگییەکی چارەنووسساز و بەپەلەی هەیە” و داواشی لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا کردووە بەشداری لەو پرۆسەیەدا بکەن لە پێش هەمووشیانەوە پەرلەمانی تورکیا.
ڕاشیگەیاندووە، ڕووداوەکانی غەززە و سووریا دەریانخست کە نابێت چارەسەری ئەم کێشەیە دوا بخرێت و بەشداری و پێشنیازەکانی ئۆپۆزسیۆنیشی بە گرنگ زانیوە و ئامادەیی بۆ بەشداریی لەو پرۆسەیەشدا کردووە کە “بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەکەن”.
بە پێی پەیامەکەی دەم پارتی، عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاندووە لە تورکیا و ناوچەکەدا سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە.