یەکگرتنەوەی سوریا و عێراق…



ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد – نووسەر

لەساڵی ١٩٧٩دا هەوڵێک هەبوو بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو دەوڵەتی سوریا و عێراق، ئەحمەد حەسەن بکر لەگەڵ هەوڵەکە بوو و کاریشی بۆ کرد، بەڵام سەدام حسێن کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٩وە فەرمانی بۆ دەرچووبوو ببێتە جێگری ئەحمەد حەسەن بەکر و هەرکەس پێینەگوتایە ‘سەید ئەلنائیب’ سزا دەدرا و بەهۆی نزیکی لە ‘بەکر’ لە دایکەوە، بووە کەسی دووەمی عێراق و زۆر زیاتر لەپێگەی خۆی دەجوڵایەوە، تەنانەت لەو ماوەیەدا ژووری کارکردنی بردە تەنیشتی ژوورەکەی سەرۆکی ئەوکاتی عیراق و زوو زوو دەیوت ‘خوێن لە باوەڕ سەختترە’.

کە لە ساڵی ١٩٧٩دا بەشێوەی کرداریی بووە سەرۆک کۆماری عێراق، بەتەواوی دژی یەکگرتنەوەی هەردوو وڵات دەستیکرد بەهەنگاونان و لە ڕۆژێکدا ٢٢ کەسی لەسێدارەدا بەو بیانووەی پیلانێکی کەشفکردووە بۆ یەکگرتنەوەی سوریا و عێراق، کەمال دیب لە کتێبەکەیدا دەڵێت “سەدام کە گەیشتە دەسەڵات و دەستکراوە بوو لە بڕیاردان، دژی ئەو یەکگرتنەوەیە بوو، چونکە بە لە قاڵبدانی دەسەڵاتی خۆی دەزانی و نەیدەویست هیچ شتێک لەو بابەتەدا بچێتە پێش”، بەڵام پێشتر ئەحمەد حەسەن بەکر تا ئەو کاتەی مابوو ‘مانی سیاسی و دەسەڵات تا ڕۆژی ١٦ی تەمموزی ١٩٧٩ کە وتاری ماڵئاوایی خوێندەوەو دەسەڵاتی لەبەرژەوەندی سەدام جێهێشت’ لەگەڵ یەکگرتنەکە بوو.

بەکر کە وا دەردەکەوت هەموو بێدەنگیی عیراق لە ئەودا کۆکرابێتەوە، بەبێدەنگییەکەی هەوڵی زۆریدا بۆ ئەو یەکگرتنەوەیە و دواجار هیچی لێ سەوز نەبوو.

ئێستا کە سەیری مێژووی هەردوو دەوڵەتە بەعسییە ــ دیکتاتۆرەکەی عێراقی پێش ٢٠٠٣ و سوریای پێش رووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد لە ٢٠٢٤ دەکەین، تێناگەین ئەم دوو دەوڵەتە لەچی شتێکدا یەک نەبوونە و یەکگرتوونەبوون، تەنها لە نەخشە و دەوڵەتداریدا یەک نەبوون، بەپێچەوانەوە چەندە خوودی سەرۆکی هەردوو وڵات دووربووبن لەیەکتر و لەڕووخساردا جوودابووبن، دواجار دەرکەوت لەدوای بیست ساڵ ئەم دوو وڵاتە یەکگرتووبوون لە ناوەڕۆکدا و هەر یەک مۆدێل و دەسەڵاتی داپڵۆسێنەر بوون بۆ هاووڵاتیان و کورد و پێکهاتەکانی وڵات.

لە ڕێگەی ئەو هەموو سیگناڵ و سکانداڵانەوە کە لەدوای ڕووخاندنی ئەم دوو دەسەڵاتە دیکتاتۆرەوە بۆمان دەرکەوت، هەست بەوە دەکەین، ئەم دوو وڵاتە چەندە لە ڕووخساردا جیاواز دەرکەوتووبن و لە نەخشە و سەروەری و زۆرشتدا یەکگرتوو نەبووبن، بەڵام لە کردار و فۆرمەکانی تۆقاندن و سزادانی میللەتی خۆیاندا یەک وێنە بوونە، یەک مەدرەسە بوون و یەک جۆر خوێندکاریان بەرهەمهێناوە، ئەگەر یەکەمیان ئەنفال و نوگرەسەلمان و گۆڕەبەکۆمەڵاکانی لە بیابانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و هەموو مۆدێلەکانی ئەشکەنجەدانی بەرهەمهێنابێت، ئەوا دووەمیان صیدنایا و گۆڕەبەکۆمەڵەکانی دیمەشقی بەرهەمهێناوە.

جیاوازی نێوان کەوتنی هەردوو دیکتاتۆرەکە نزیکەی 20 ساڵە، ئەو چاوەڕوانییەی لەسەر پێکدادانە ناوخۆییەکانی عێراق لە دوای هەرەسی دیکتاتۆرییەت هەبوو و دواتر ڕووشیاندا، ئێستا بۆ سوریاش هەیە، خاکی هەردوو وڵات و ئەو مێنتاڵێتە تۆڵەسەندنەوەیەی لەسەر هەردوو خاکەکە هەیە، یەکێکیترە لەو خاڵە هاوبەشانەی لەنێوان ئەم دوو جوگرافیایەدا هەیە، ئەمەش وایکردووە یەک ژینگە و بیرکردنەوە و مێژووی ڕەش و خوێنڕشتن بەرهەم بێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت هاوشێوەی عێراق، لە سوریاشدا ٥٠٠ گروپ و میلیشا و توندڕەویی ئایینی کۆنترۆڵ نەکرێت لەلایەن دەوڵەتەوە و سوریاش هەموو پێکدادان و کوشتارێک بەخۆیەوە ببینێت.

کێشەی عێراق و سوریا ئەوەیە، هاووڵاتیانی هەردوو وڵاتەکە لەدوای کەوتنی دەسەڵاتی سەدام و ئەسەد، هەنگاوێکی ئەرێنییان نەنا بەناوی ‘پێکدادانی ڕۆشنگەری’ یان بەناوی ‘کرانەوەی مێژوویی’، ئەم دوو وڵاتە بە مێژووی پڕ خوێن و تۆقاندن و لۆژیکی خواریزمیانەدا تێپەڕیون و هەموو مۆدێلەکانی پێکدادانیان تاقیکردۆتەوە، جگە لە پێکدادانی ڕۆشنگەرانە و شەڕی کرانەوە و بازدانی مێژوویی بەسەر تاریکی قۆناغە مێژووییەکانی ڕابردووی خۆیاندا، بۆیە وادەبینرێت مادام عێراقییەکان نەیانتوانیوە کەڵک لە لەناوچوونی سەدامی دیکتاتۆر ببینن بۆ بەرهەمهێنانی ڕۆشنگەری و دیموکراسی و تۆلێرانس لەنێوان پێکهاتەکاندا.

ئەوا سوریاش هەمان خولانەوە دەبێت بەدەوری بازنە مێژووییەکەیدا و هیچ کرانەوەیەکی نوێ بەدینایەت.

سەدام دژی یەکگرتنەوەکە بوو، بەڵام حافز ئەسەد دەیویست یەکگرتنەوەکە سەربگرێت، ئەوەی وایکرد سەدام دژی یەکگرتنەوەکە بێت، ئەوە نەبوو بەعسییە سوریی و عەلەوییەکان وەک سەدامیان پێنەکرێت، ئەوەشی وایکرد حافز ئەسەد لەگەڵ یەکگرتنەوەکە بێت ئەوە نەبوو کە بەعسی سەدامی زۆر لەسەرووی بەعسی سورییەوە بێت، بەپێچەوانەوە ئێستا دەردەکەوێت بە هیچ کلۆجێک ئەم دوو وێنەیە جودانەبوونە لەیەکتر و لەبەرهەمهێنانی پۆخڵەواتی و ناشیرینیدا، تەنانەت هەردووکیان یەک مێژووی ڕەشیان بەرهەمهێناوە کە هیچیان باشتر نییە لەئەویتریان.

هۆکاری دژایەتی سەدام بۆ یەکگرتنەوەکە بۆ جێگیربوونی دەسەڵاتی تاکڕەوانەی خۆی بوو، کە هیچ کەسێکیتر نەبێت هاوبەشی بڕیارەکانی و هەروا دەرچوو، هۆکاری پشتیوانی حافز ئەسەدیش لە یەکگرتنەوەکە، بۆ دژایەتی لێکتر نزیکبوونەوەی میسر و ئیسرائیل دەگەڕایەوە لەیەکتر، کە میسر لەو دەمەدا ڕێککەوتنی نوێی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆکردبوو.

کەشناسی: بەفرو باران لەم شوێنانە دەبارێت
پێت کەشناسی: بەفرو باران لەم شوێنانە دەبارێت
بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە کچ و دایکێک گیانیان لە دەستدا
دوات بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە کچ و دایکێک گیانیان لە دەستدا
پەیوەنیدر