میدیای ئیسرائیل زانیاری نوێ دەربارەی کوشتنی سەرۆکی پێشووتری بزووتنەوەی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران بڵاودەکاتەوە و ئاشکرای دەکات کە نزیکبوو پرۆسەکە بە هۆی لەکارکەوتنی فێنککەرەوەی ژوورەکەیەوە هەڵبوەشێتەوە.
کەناڵی 12ی ئیسرائیل ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی “مۆساد لە دڵی تاراندا.. ئیسرائیل بەم شێوەیە ئیسماعیل هەنییەی لە پارێزتراوترین شوێندا کوشت” بڵاوکردەوە کە باس لە چۆنێتی بە ئامانجگرتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووتری بزووتنەوەی حەماس دەکات.
کەناڵەکە ڕایگەیاند، ئیسماعیل هەنییە یەکێک بووە لە داڕێژەرانی پلانی هێرشی “گەردەلوولی ئەقسا” کە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 حەماس کردییە سەر ئیسرائیل.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، مۆساد چاودێری ئیسماعیل هەنییەی کردووە کە چەند جارێک لە کاتی سەردانیدا بۆ تاران لە هەمان ژووردا ماوەتەوە و جموجوڵە ئاساییەکانی ڕۆژانەی زانراوە.
ڕوونیشیکردەوە، مۆساد بۆمبێکی چێندراوی لە ژوورەکەی هەنییەدا جێگیرکردووە و بڕی تەقەمەنییەکەشی بە جۆرێک دیاریکراوە کە تەنها ئەو بکوژێت و زیانی بۆ ژوورەکانی تەنیشتی نەبێت.
کەناڵە ئیسرائیلییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئیسماعیل هەنییە خەریک بووە بە هۆی لەکارکەوتنی فێنککەرەوەی ژوورەکەیەوە شوێنەکەی بگۆڕێت، بەڵام فەرمانبەرانی میوانخانەکە کە سەر بە سوپای پاسداران بوون کێشەکەیان چارەسەر کردووە.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە سەرەتا ئیسرائیل پلانی داناوە ئیسماعیل هەنییە لە کاتی بەشداریکردنی لە پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی پێشووی ئێران بکوژێت کە ئەویش ڕۆژی 19ی ئایاری ڕابردوو بە هۆی تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیەوە گیانی لەدەستدا، بەڵام دواتر پلانەکە دوو مانگ دواخرا بۆ کاتی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی نوێی ئێران.
کەناڵی 12ی ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، ئیسرائیل کوشتنی ئیسماعیل هەنییە دواخستووە بۆ دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پزیشکیان بۆ ئەوەی ڕووگیریی گەورە بۆ تاران دروست نەکات.
ڕۆژی 31ی تەمموزی ڕابردوو، بزووتنەوەی حەماس بە فەرمی هەواڵی کوژرانی ئیسماعیل هەینییەی ڕاگەیاند و یەحیا سنواری بە سەرۆکی نوێی حزبەکە دەستنیشان کرد کە ئەویش لە ناوەڕاستی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا لە ئاکامی بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژرا.