مەگەر یەک بە یەک ئیسک و بروسکەکان جیابکرێنەوە!



عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا

لە ٢٣ گۆڕی بە کۆمەڵ لە پارێزگای موسەننا، ١٦ گۆڕ بەوەی دوایی کە لە ڕۆژی ٢٢مانگ بە ئامادەبوونی خانمی یەکەمی عێراق و ڕاوێژکارانی سەرۆک کۆمار و چەند ئەندام پەرلەمانێک و پارێزگاری موسننا و ژمارەیەک کەسایەتی هەڵدرایەوە، هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە و گۆڕەکانی پێشوتر، هەر یەکە و بۆ خۆی کارەساتێکمان بۆ دەگێڕێتەوە، باوەڕ ناکەم وێنەی لە سەرتاسەری جیهان هەبووبێت.

بەڕاستی ئەوەی بینرا، هیچ وشە و ڕستیەک شک نابەم پێیەوە بتوانم تێڕوانینی خۆم دەربارەی ئەو دیمەنە جەرگبڕە و پڕ لە کارەساتە دەرببڕم، چونکە تەواوی گۆڕەکە، منداڵ و ژن بوون هەمووشیان بەر لە زیندە بەچاڵکردن، پێیانەوە دیارە، فیشەک بەسەریانەوە نراوە، ئاشکرایە ئەوەی تاوانە نەیانبووە، تەنها کوردبوون نەبێت، بێگومان ئەوانەی بڕیاری ئەو شێوە کۆمەڵکوژیانەیان داوە، ئەکید مرۆڤ نەبوون، لە دڕندە دڕندەتر بوون، چونکە دڕندەش یاسای خۆی هەیە، پێیەوە دەژیت.

بۆ نمونە شێر ئەگەر برسی نەبێت ڕاو ناکات هەروەها ئەوانیتریش هەر یەکە بە خەسڵەتی خۆی، لەوبارەیەوە پارێزگاری موسەننا لە وتەیەکدا وتی، ئەوانە هەموویان غافڵکوژ کراون، بە بەڵگەی ئەوەی زۆربەیان کەلوپەل و پێویستیە تایبەتییەکانی خۆیان پێبووە، وەکو بازن و دەستەوانە و جوانکاری منداڵانە هەروەها شوشەی دەرمانی چارەسەری پیر و پەککەوتەکان لەگەڵ ئاوێنەی بچوک کە کچان و ژنانی گەنج بۆ دیدەنی جوانی خۆیان بە کاریدەهێنن، هەندێکیشیان قەڵەم و ڕەشکەرەوە و قەڵەم دادەریشیان هەڵگرتووە، لەگەڵ جزدان و هەندێک پارەی وردەش.

ئای لەو کارەساتە دوای ٣٤ ساڵ، دەبینی دایکێک منداڵە شیرەخۆرەکەی بە دەستەکانیەوە بەسەر سینگیەوە نوساندووە، دڵنیام بۆ ئەوەی بووە بیپارێزێ لە جوانەمەرگکردن، بە دەستی ئەو دەعبا و جانەوەرانە، بەڕاستی وێناکە وەکو ئەوە دێتەبەرچاو کە تازە قەومابێت، ئەوەندە سەرنجڕاکیش و کارەساتبارە، لە درێژەی وتەکانی، پارێزگار وتی، پرسە دەنێرم بۆ خێزان و کەسوکاریان خۆشمان هەر پرسەدارین.

ئەوەی ئاماژەمان پێدا، بەشێک بوو لە وتەکانی موهەنەد عەتابی پارێزگاری موسەننا، پێویستە بوترێت ئەو گۆڕەکە شازدە مەتر درێژ و دوو مەتر پانە، تا ئێستا نەزانراوە چەند کەسی تێدا لە گۆڕنراوە، چونکە تاوانەکە ئەوەندە نامرۆڤانە و بەربەریانە ئەنجامدراوە، مەگەر یەک بە یەک ئێسکوبرسەکەکان جیابکرێنەوە ئینجا بزانرێت چەندن.

جێی وەبیر هێنانەوەیە تاوانی ئەنفال ئەوەندە گەورەیە، گۆڕەکانیش ئەوەندە زۆرن، یەک شت بۆمان ساغ دەکاتەوە ئەویش هەڵگێڕ و وەگێڕکردنی هەموو بیابانی ڕۆژئاوا و باشوری عێراقە، ئەکید ئەوەش زەمەن و ئیمکانیات و دڵسۆزی بەرپرسەکانی دەوێت کە تا ئێستا زۆرمان نەبینیوە، دیاری حکومەتی عێراقیش بەرپرسی یەکەمە زوو یان درەنگ دەبێت ئۆباڵەکە هەڵبگرێت.

ئەوەی ڕاستی بێت من لە خستنەڕو و وەسفکردنی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە و ئەوانیتر کە لە مێژوودا ئەگەر هۆلۆکۆستی جولەکەکان و کۆمەڵکوژی خەڵکی بۆسنە و هێرزۆگۆڤینیا لەلایەن سربیەکانەوە نەبێت، دەنا مەرگ بارانی بەو شێوەیە نەبووە.

خۆ دیارە لەم وڵاتەی ئێمە، تەنها ئەنفال نەکراوە، کیمیاباران هەبووە، بەندیخانە و قەسابخانە بە ئاشکرا و بە دزیەوە هەبووە، لێ لەگەڵ ئەوانە هەمووی مخابن ڕۆژانە دەبینین و دەبیستین بەهۆی هەڵسوکەوتی هەندێ بەرپرسی نابەرپرس، نادادپەروەری و نەبوونی خزمەتگوزاری بە پێی پێویست، جیاکاری لە نێوان شارەکان تەنانەت لە نێوان تاکەکانیش بە پێی ڕەگەز و وەلائی حزبی، دزینی سەروەت و سامانی گشتی و برسیکردنی بە ئەنقەست، لەبەرچاوان بە گەورە و بچووکیانەوە گیرفان پڕکردن، هەندێ خەڵک خۆزگە بە زەمەنی گۆڕبە گۆڕ بخوازن، نەک بە دزی بەڵکو لە ڵاگەیاندەنەکانیش بە ئاشکرا بیڵێن.

من دڵنیام لە ناخیانەوە نییە و باوەڕیشیان پێی نییە، بەڵکو لە ڕقی ئەو واقیعەی ئێستایە، کە بە ئەنقەست لەلایەن کەسانێکەوە بۆ بەرژەوەندی تایبەت و کەسی دروستکراوە، بۆیە وادەڵێن، پێشدەچێت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لایەن ساغتر بێتەوە، ئەوەی ڕۆژانە لەبارەی نیشتمان پەروەری و نان و پیاز خواردن بە کوردایەتی و فرمێسک هەڵڕشتن بۆ گوڕە بەکۆمەڵەکان و کیمیابانکراوەکان و گۆڕبزرەکان هیچی ڕاست نییە، پێچەوانەی ئەوەیە، ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع هەیە.

ترسم لەوە هەیە ئەوەی لە ڕقی ئەم واقیعە جاروبارە بە جۆرێک لە شەرمەوە دەوترێت، ڕوو لە هەڵکشانی زیاتر و ئەستورتر بێت، ئیتر ئەوەی بنبىڕێ بێتە سەربەڕێ، بۆیە دەبێت فریای ئەم بارودۆخە بکەون و چیتر بە دروشمی سواوە و فرمێسکی تیمساحی، هەوڵی هەڵخەڵەتاندن نەدەن.

ئەگەر نا ڕۆژێک دێت بورکان ئاسا دەتەقێتەوە، تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسوتێت، ئۆباڵەکەش لە ملی ئەوانە دەشەتێنرێ کە ئەو واقیعەیان دروستکردووە، بێگومان گۆڕ ون دەکرێن، لەلایەن خوای گەورەشەوە جێگەیان دۆزەخ دەبێت.

ئیسرائیل بەم شێوەیە هەنییەی لە ناوجەرگەی تاراندا کوشت
پێت ئیسرائیل بەم شێوەیە هەنییەی لە ناوجەرگەی تاراندا کوشت
نرخی نەوت گۆڕانکاری بەسەردا هات
دوات نرخی نەوت گۆڕانکاری بەسەردا هات
پەیوەنیدر