كۆشكی سەرۆكایەتی ڕوسیا (کرێملین) ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆکی وڵات، داوای لێبوردنی لە ئیلهام عەلیێڤ، هاوتا ئازەرییەکەی کردوە، کە ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردو فڕۆکەیەکی ئازەربایجانی لە ئاسمانی ڕوسیادا تووشی ڕووداوێکی دڵتەزێن بووە.
کرێملین، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ڤلادیمێر پوتین-ى سەرۆکی ڕوسیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆكی ئازەربایجان ئەنجامداوە، پەیوەندییەکەش لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان بووە، كە لەڕۆژی 25ی ئەم مانگە لە نزیک شاری ئاکتاو لە کازاخستان كەوتەخوارەوە.
ڕاشیگەیاندووە، “سەرۆكی ڕوسیا داوای لێبوردنی کردوە بۆ ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی، کە لە ئاسمانی وڵاتەكەی ڕوویداوە، جارێکی دیکەش سەرەخۆشی قوڵ و دڵسۆزی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕی و هیوای چاکبونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست”.
ئاماژەی بەوەشكردووە،، فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکەی ئازەربایجان زیاتر لە جارێک هەوڵیداوە لە فڕۆکەخانەی گرۆزنی لە چیچان بنیشێتەوە، لە کاتێکدا شارەکانی گرۆزنی، مۆزدۆک و ڤلادی قەفقاز کەوتنە بەر هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە شەڕکەرەکانی ئۆکراینا و سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕوسیا ڕووبەڕوویان بووەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، لێژنەی لێکۆڵینەوەی ڕوسیا دۆسیەیەکی تاوانکاری بە گوێرەی مادەی 263 لە یاسای تاوانەکانی “پێشێلکردنی ڕێساکانی سەلامەتی هاتووچۆ و کارپێکردنی گواستنەوەی ئاسمانی” کردۆتەوە و لە ئێستادا ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە ئارادایە، هەروەها لێکۆڵینەوە لە پسپۆڕانی مەدەنی و سەربازی دەکرێت.
کرێملین ڕوونیشی كردۆتەوە، دوو کارمەندی داواکاری گشتیی ئازەربایجان لە ئێستادا لە شاری گرۆزنیدان، کە شانبەشانی نوێنەرانی داواکاری گشتی ڕوسیا و لیژنەی لێکۆڵینەوە کاردەکەن.