“ساڵێكی سەخت لە دواكەوتنی مووچە بۆ فەرمانبەران دێتەپێش”



پڕۆسەی سەرلەنوێ‌ دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێم شكستیهێناوە و مووچەخۆران پێدەنێنە ساڵێكی تری سەخت و ئاڵۆز لە دواكەوتنی مووچەكانیان و وەك ڕۆژنامەیەكی عەرەبی دەڵێت: “ئەو دۆخە پاڵنەر دەبێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی خراپی باری گوزەران”.

بەهۆی دەرچوونی بڕیارێک لە داوایەکی یاسایی کە حکومەتی فیدراڵی لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس تۆماری کردبوو، بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی لە ڕێگەی بۆریی بەندەری کەرکوک – جەیهان تورکیاوە لە مانگی ئازاری ساڵی 2023ەوە، ڕۆژانە بە ملیۆنان دۆلار زیانی گەیاندووە، کە بە ڕوونی کاریگەری لەسەر توانای حکومەتەکەی هەبووە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەرامبەر بە دانیشتووان، لەوانەش پێدانی مووچەی فەرمانبەرانە لە کاتی خۆیدا، لە کاتێکدا لایەن فراکسیۆنە شیعەکانی بەشدار لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی فشاریان کردووە تاوەكو ڕێوشوێنی توندتر بەرامبەر هەرێم بگیرێتەبەر لە دەستگەیشتنی بە پشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵی و ئەو بڕە پارەیەی بۆ پێدانی مووچە تەرخانکراوە، چونكە گومانی سەرپێچی لە سەرچاوەکانی هەرێم و دەستکاریکردنی لیستی فەرمانبەران و شێوازی پێدانی مووچەکانیان هەیە لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە.

ڕۆژنامەی (العرب) لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، شكستهێنانی پڕۆسەی سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، هیواكانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی لەباربرد بۆ دەرچوون لەو قەیرانە دراییە توندەی بەدرێژایی ئەمساڵ بەرۆكی گرتن و كاریگەرییەكانی ڕەنگدانەوە قوڵی هەبوو لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی هاووڵاتیان و توێژێكی بەرفراوان بەدەست ناڕێكی وەرگرتنی مووچەكانیانەوە ناڵاندیان.

ڕاشیگەیاندووە، هەرێمی كوردستان پێدەنێتە ساڵێكی نوێوە، كە سەختی و ئاڵۆزییەكانی لەسەر هەردوو ئاستی ئابووری و كۆمەڵایەتی كەمتر نابێت لە ساڵی ڕابردوو، ئەوەش لەكاتێكدایە، كە ڕووبەڕووی فشارێكی توندی هێزە شیعییە دەسەڵاتدارەكان بووەتەوە، بۆ كۆتوبەندكردنی دەسەڵاتەكانی و بەردەوامی پشتبەستنی دارایی بە حكومەتی بەغدا.

وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو دۆخە فشۆڵەی هەرێم قوڵتردەكاتەوە، لەو سەختیانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە ئەنجامەكانی دەرفەت نادات بە هیچكام لە حزبە ڕكابەرەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت، هیچ ڕێككەوتنێكیش لەنێوان هەردوو حزبە سەرەكییەكە (پارتی و یەكێتی) لە ئارادانیە، بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر پۆستە باڵاكانی حكومەت.

سەرچاوە عێراقییە ئاگادارەكان لە دۆسیەی نەوت دەڵێن: لایەنی كەم (9) كۆمپانیای نەوتیی نێودەوڵەتی هەوڵەكانیان دەستپێكردووە بەدەستهێنانی قەرەبووی گەورە، بەهۆی ئەو زیانانەی لێیان كەتووە لە ئاكامی ڕاگرتنی نەوتی هەرێم، كە ئەوەش دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوت زۆر ئاڵۆزتر دەكات.

ئاشكراشی كردووە، پێشبینی دەكرێت بەرلەوەی دەسەڵاتدارەكانی عێراق چارەسەری ئاستەنگە سیاسی و یاسایی و تەكنیكیەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بكەن، كۆمپانیاكان سكاڵاكانیان بەرنە بەردەم دادگا نێودەوڵەتیەكان.

بەپێی ڕۆژنامەكە، قەیرانەكە كاریگەری كردووەتە سەر هەستی شەقام و پاڵنەر دەبێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی خراپی باری گوزەرانیان، كە ئەوەش لە جوڵەی مانگرتنی فەرمانبەرانی چەندین كەرتدا دەركەوتووە، كە ماویەكە سەریهەڵداوە.

کیفاح مەحمود، پسپۆڕی کاروباری کورد و عێراق دەڵێت: “حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە جەختی لەسەر خێراکردنی دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێگەی ئەو بۆرییەوە کردووەتەوە کە نەوتی هەرێم دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا و ڕێکكەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا واژۆ کراوە، بەڵام هەمیشە بەغدا لەو پەیمان و بەڵێنانە پاشگەز بووەتەوە”.

ساڵی 2024 تەنها 3 ڕۆژی ماوە، بەڵام هێشتا مووچەی مانگەكانی (11 و 12) دابەشنەكراوە و هەریەكە لە عێراق و هەرێم یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە هۆكاری دواكەوتنی مووچە، لەكاتێكدا عێراق جەختی كردۆتەوە، كە دەبێت هەرێم نیوەی داهاتی ناوخۆی ڕادەست بگات تاوەكو پشكی خۆی لە بودجە وەربگرێت و مووچەی پێ‌ بدات، بەڵام هەرێم ماوەی چەند مانگێكە پشكی داهاتی ناوخۆی ڕادەستی عێراق نەكردووە و دەڵێت: تێبینییەكانی سەر لیستی مووچەی چارەسەر كردووە.

كیفاح مەحمود ئاماژەی بە ڕۆڵی نەرێنی هێزە شیعەکان کرد، کە کۆنترۆڵی بڕیاردانیان لە حکومەتی عێراقدا گرتووە و وتی، “پێدەچێت هێزی کاریگەر هەبن، کە ڕەنگە بەرژەوەندییان لەم نەوتەدا نەبێت کە دەگاتە بەندەری جەیهان، تەنانەت هەرچەندە لە ڕێککەوتنەکەدا کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا ئەنجامدرا، باس لەوە دەکات کە نەوتەکە بگەیەنرێتە کۆمپانیای سۆمۆ لە بەرامبەر هەندێک بەڵێن لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە، بەڵام بەداخەوە جێبەجێنەکردنی ئەم ڕێککەوتن و بەڵێنانە بووە هۆی دواکەوتنی ڕۆیشتنی نەوت بە هۆکاری لاوا،ز کە لەلایەن ئەم هێزە کاریگەرانە دروستکرابوو، کە بووە هۆی کەڵەکەبوونی قەرەبووی گەورە بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان”.

لای خۆیەوە، عومەر حەلبوسی، توێژەری ئابووری عێراقی پێشبینی دەکرد، پرسی ئەو کۆمپانیایانە کە داوای قەرەبوو دەکەنەوە، ئاستەنگێك بخاتە سەر ڕێگای دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانی عێراق و وتیشی، “ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی واژۆیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم کردووە، ئەگەر خێرا چارەسەری دڵخۆشکەر بۆ قەیرانەکە نەدۆزرێتەوە، ڕەنگە دەستبەرداری داواکارییەکانیان نەبن، بۆیە دەبێت حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بابەتە یەکلایی بکەنەوە و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە زیانەکانی وەستانی هەناردەکردن و هەروەها بۆ دوورکەوتنەوە لە ئەگەری سەپاندنی غەرامە بەسەر نەوتی عێراقی”.

ڕابەری بزووتنەوە: وته‌كانی مه‌زڵوم كۆبانێ و ئه‌حمه‌د شه‌رع بە ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌رن
پێت ڕابەری بزووتنەوە: وته‌كانی مه‌زڵوم كۆبانێ و ئه‌حمه‌د شه‌رع بە ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌رن
لە شارێكی كوردستان تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەڵكشانە
دوات لە شارێكی كوردستان تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەڵكشانە
پەیوەنیدر