سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەرمی گەیشتۆتە ئەڵمانیا و ڕایگەیاند، ئەڵمانیا پشتگیری لە عێراق دەكات بۆ گەڕاندنەوەی پارە و شوێنەوارە دزراوەكان.
ئەمڕۆ هەینی، 13ی كانوونی دووەمی 2023، ئۆڵاف شۆڵتز، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا لە بەرلینی پایتەختی وڵاتەكەی پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد و دواتر كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەڤانی هاوبەشیان ئەنجامدا.
ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای شەڕی داعشەوە هاوكاریی عێراقیان كردووە و بەردەوامیش هاوكارییەكانمان فراوانتر دەكەن و وتیشی، “لەسەر بەردەوامبوون لە كاری هاوبەش لەگەڵ عێراق ڕێككەوتین”.
لای خۆشیەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سوود لە ئەزموونەكانی ئەڵمانیا وەردەگرین و سەرەتایەك دادەمەزرێنن بۆ پەیوەندییەكی ستراتیژی لەنێوان بەغدا و بەرلین.
وتیشی، “ئەڵمانیا پشتگیریی لە عێراق دەكات بۆ گەڕاندنەوەی پارە و شوێنەوارە دزراوەكان.”