پارێزگاری دیمەشق دەڵێت، ئەوان هیچ ترسێکیان بەرامبەر بە ئیسرائیل نییە و دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ دراوسێکەیاندا هەبێت.
ماهیر مەروان، پارێزگاری دیمەشق کە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تەحریری شام کرایە پارێزگار، بەناوی ئەحمەد شەرع قسەی بۆ میدیای ئەمریکی کرد.
پارێزگاری دیمەشق باسی لە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی سووریای نوێ لەگەڵ ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا، ئیسرائیل ترسی لە دۆخەکە هەبوو، ئەوەش شتێکی “سرووشتییە”.
ماهیر مەروان ئەوەشی وتووە: “ئیسرائیل لەوانەیە هەستی بە ترس کردبێت، هەربۆیە کەمێک پێشڕەوی کرد و کەمێکیش بۆردوومانی کرد”.
لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر پێگە سەربازییە ستراتیژییەکانی سووریا، هەروەها هێرشی زەوینی کردە سەر سووریا، چەند گوند و ناوچەی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.
لەوەتەی بەشار ئەسەد لە 8ـی ئەم مانگەوە لە دەسەڵات نەماوە، ئیسرائیل نزیکەی 500 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی سووریا.
پارێزگارە نوێیکەی دیمەشق دەشڵێت، “ئێمە لە سووریای نوێدا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە”.
ماهیر مەروان دەڵێت: “هیچ ترسێکمان بەرامبەر بە ئیسرائیل نییە، هەروەها کێشەی ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل نییە”.
هەروەها گەلی سووریای بە ئاشتیخواز ناوبرد و وتی: “لێرە لە سووریا کەسانێک دەژین کە دەیانەوێت پێکەوەژیان هەبێت، ئەوان ئاشتییان دەوێت، ئەوان کێشەیان ناوێت”.
پارێزگارە نوێیەکەی دیمەشق وتیشی: “ئێمە ئاشتیمان دەوێت، هەروەها نامەوێت ململانێمان نە لەگەڵ ئیسرائیل و نە لەگەڵ هیچ لایەنێکی دیکە هەبێت”.