مەزڵوم عەبدی: هەركاتێك دۆخەكە گونجاوبێت سەردانی دیمەشق دەکەین



فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند، گفتوگۆكردن لەبارەی ئایندەی وڵاتەكەیان دەبێت لەناوخۆیاندا بێت بەبێ‌ دەستوەردانی دەرەكی بێت، دەشڵێت، دیمەشق پایتەختیانەو هەرکات بیانەوێت سەردانی دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە چاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند: “لە سەرەتاوە هەماهەنگی مەیدانیمان هەبووە لەگەڵ ئیدارەی پرۆسە سەربازیەکان لە سووریا، سەرەڕای ئەوەی هیچ دانوستانێکی راستەوخۆمان نییە لەگەڵ گروپی تەحریر شام”.

عەبدی باسی لەوەشکرد، “ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ دەستەی تەحریری شام دروستبووە، بۆ خۆبەدوورگرتن بووە لە بەریەككەوتن لەنێوان هێزەكانمان لە هەندێك لە گەڕەكی حەڵەب، هەروەها بۆ گواستنەوەی ئاوارەكان لە كەمپەكانی ناوچەی تەل رەفعەت، كە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی دیکەوە، رووبەڕووی هێرشبوونەوە، تائێستاش ئەو هەماهەنگیە بەردەوامە”.

مەزڵووم عەبدی ئەوەشی خستەڕوو، “ئامادەین بۆ گواستنەوەی بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان بۆ دەسەڵاتدارانی نوێ لە دیمەشق و پێمانوایە سووریا دەبێت دەوڵەتێكی نا ناوەندی فرەیی دیموكراتی بێت، ناسنامەی ڕەنگاورەنگەكانی وڵاتی بە دەستوور تیادا پارێزراوبێت، لەگەڵ مافی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی سووریا بە گەلی كوردیشەوە”.

فەرماندەی گشتی هەسەدە باسی لەوەشکرد: شێوازی سیستمی حوكمڕانی، كە پێمانوایە گفتوگۆی زۆری لەسەر دەكرێت، پرسێكە بۆ ئیرادەی گەلی سووریا و گفتوگۆ دەستوورییەكان جێدەهێڵرێت و گفتوگۆكردن لەبارەی ئایندەی وڵاتەكەمان پێویستە لەناوخۆماندابێت بەبێ‌ دەستوەردانی دەرەكی.

هەروەک وتیشی: “ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر خاكی سوریان، پێویستە نوێنەرەكانی رۆڵ و دەنگێكی بیستراویان هەبێت و بەشداربن لە بنیادنانی ئایندە و ئێمە پابەندین بە ئایندەیەك كە تیایدا داهاتەكانی دەوڵەت لە بەرژەوەندەی تەواوی سوورییەكان بێت، بەشێوەیەكی دادپەروەرو یەكسان، سەقامگیری و گەشەپێدان بە دیبهێنێت بۆ هەمووان، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ئەو ناوچانەی كە لەسەردەمی ئەسەددا پەراوێزخراون”.

هەروەها، لەبارەی سوپای نوێی سوریاوە وتی، “سووریای ئایندە دەبێت سوپایەكی نیشتمانی هەبێت بەرگری لە نیشتمان و هاووڵاتیانی سووریا بكات، ئەم پرسە هیچ ناكۆكییەكی لەسەر نییە و چەكی هێزەكانی سووریای دیموكرات دەبێتە چەكی ئەو سوپا نیشتمانیە، بۆ ئەوەی ئەوە بەدیبێت، پێویستە گفتوگۆی راستەوخۆ بكرێت بۆ گەیشتن بە چوارچێوەیەك لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو پرسە”.

هاوکات، باسی لەوەشکرد، پێشتر جەختمان كردەوە”هەسەدە” هیچ پەیوەندییەكی رێكخستنی نیە بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە، هەندێك لە ئەندامەكانی لەگەڵ كەسانی تردا هاوكارییان كردن لە شەڕەكەمان دژی داعش، بەڵام لەگەڵ راوەستاندنی پرۆسە سەربازییەكان، دەگەڕێنرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان.

دابەشکردنی ئاو لە کۆیە ئاسایی بووەوە
پێت دابەشکردنی ئاو لە کۆیە ئاسایی بووەوە
بەرگریی شارستانیی هۆشداری دەدات و دەڵێت زریان بەڕێوەیە
دوات بەرگریی شارستانیی هۆشداری دەدات و دەڵێت زریان بەڕێوەیە
پەیوەنیدر