تەپڵ لێ دەدەم قوربان تەپڵی سکۆتەر



د.ئەبوبەکر پێنجوێنی
دەڵێن لە شەوێکی درەنگدا دزێك خەریکی کونکردنی دیواری ماڵێك بوو پیاو باشێك بەو کۆڵانەدا گوزەریکردو پرسی لە کابرای دز ئەوە چیدەکەیت؟ دزەکەش وتی: قوربان خەریکم تەپڵ لێ دەدەم! پیاوەکە وتی: ئەی بۆچی دەنگی نایەت؟ دزەکە وتی: قوربان بەیانی دەنگ دەداتەوە، بەڵێ؛ بەیانی دەنگوباس کەوتە ئاوایی ئەم شەو ماڵی فڵان کەس دزی لێکراوە، تا ئێرە باسەکە روونە ئەوەی روون نیە ئەوەیە کە بیست و پێنج ساڵە بە ناوی جۆراوجۆرەوە چەواشەکاری و خەڵەتاندن و چاووڕاو لێرەو لەوێ روودەدات بە ناوی مامەڵەوە.

ئەوەی جێگای لەسەر وەستانە ئەوەیە هەر جارەو سەدان کەس تێوەدەگلێن و ملیۆنەها دۆلار زەرەروزیان روودەدات و کەسیش پەند وەرناگرێت، لە هەمووی سەیروسەمەرەتر ئەوەیە ئەم خەڵەتاندن و چەواشەکارییانە هەموو چین و توێژەکان دەگرێتەوە لە مامۆستای ئاینی و مامۆستای زانکۆ و کاسبکارو گەنج و پیرو پیاوو ئافرەت و حەرامخۆرو حەڵاڵخۆرو ئیسلامیی و عەلمانی، زۆر جاریش ئەهلی فەتواو مەجلیسی فەتواکان – بەداخەوە – بەهەڵەدا دەچن یان بەهەڵەدا دەبرێن لە رووی رواڵەتی و شکڵیەتی مامەڵەکەوە، بێئاگا لەوەی کە ئەم مامەڵانە لەبنەڕەتدا بەسیستماتیکردنی فڕوفێڵە و دەستبردنە بۆ گیرفانی خەڵك..

چەند نموونەیەك لەوانەی لە رابردوودا روویانداوەو من لەبیرم ماون:
– بزنس.
– مێگاهۆڵدین.
– کیونێت.
– دراوە گریمانەییەکان. وەك خزمانی وەن کۆین و ئی دینار.
– فۆڕێکس
– بۆرسە
– سەلوان دایمۆند.
لە ئێستاشدا بەزمی خۆش باسی سکۆتەری کارەباییە!!!

وەك دەبێژن ٣٠٠ دۆلار بدە، رۆژانە ٦ دۆلار قازانج بکە و لە ماڵی خۆت دانیشە، زۆر بەلامەوە سەیرە خەڵکێك ئەوەندە سادەبن باوەڕیان وابێت ١٠٠ دۆلار دەتوانێت لەسەر ئاستی جیهان رێژەی بەشداربوو هەرچەندبێت رۆژانە ٢ دۆلار قازانج بکات، واتە: ٢* ٣٦٥ = ٧٣٠ دۆلار واتە: لەسەدا حەوت سەد قازانج، ئەو کەسانەی باوەڕ بەدرۆی وادەکەن بەبڕوای من دەبێت هەڵسەنگاندن بکەن بۆ ژیری خۆیان!!!

لەوەش گرنگتر کاتێك بە پەلەپڕوزە تەلەفۆن دەکات بۆ مامۆستایەك پرسیاری حەڵاڵی و حەرامی دەکات دواتریش وەڵامەکە ئەگەر نەخێریش بێت لەسەرخێر ئەو دەست پێدەکات و خۆی فرێ دەداتە ناو بابەتەکەوە!!!

کاکە بیکەن بە خاتری خودا ئەوەندە وەڵامی تەلەفۆنمان دایەوە ماندووبووین، ئەوەندە روونکردنەوەماندا خوێنمان تاڵبوو..

لە دەیان نموونە تەنها ئەم نموونەیە باس دەکەم، ساڵی ٢٠٢٠ بوو گەنجێك هات بۆلام بە دڵگەرمی باسی سەلوان دایمۆندیکرد و وتی: لە ٥٠٠./. قازانج دەکات، وتم: کاکەگیان بەم درۆو باقوبریقانە تێمەکەون وتی: دکتۆر گیان دڵنیابە وایە! وتم: زۆر باشە بە چاوپۆشیکردن لە حەرام و حەڵاڵ من ئەگەر ١٠٠٠٠٠ دۆلار بدەم بە تۆ بۆ یەك ساڵ دەبێت بەچەند وتی: دەبێت بە ٥٠٠٠٠٠ دۆلار وتم: کاکە باببێت بە ١٥٠٠٠٠ دۆلار ئەوەی تری بۆ خۆت بەڵام رەهن کەفیل زەمانەت شتێکم بدەرێ! تۆزێك بێدەنگبوو دواتر وتی: دکتۆر ئەوە کەسابەتە خۆت دەزانیت ئەگەری زەرەریشی هەیە!!! وتم: گیانەکەم من لەبەر خودا ئامۆژگاریت دەکەم (نە خۆت بخەڵەتێ بەو کەسانە نە کەسیش بخەڵەتێنە بۆیان) بڕوابکەن ئێستا ئەو گەنجە ئاوات بە مردنی خۆی دەخوازێت، لەوانەیە خۆیشی یەکێك بێت لە خوێنەری ئەم بابەتە!!!

دەیان چیرۆکی مایەپووچبوونی ناخ هەژێنم لەلایە کە رۆژانە داوای چارەسەر دەکەن دوای ئەوەی کارلەکار ترازاوە بەداخەوە، ئێستاش پرسی گەورەو زۆرترین پرسیار کە دەکرێت لە بارەی جەنابی سکۆتەری کارەباییەوەیە، تکایە و هەزار تکا خۆتان دووربگرن لەو فڕفێڵ و درۆکردنە تەنهاو تەنها دەستبردنە بۆ گیرفانی خەڵك بە تایبەت گەنجان!!

بۆچی ئەمریکا هیچ پشتیوانییەکی (ئەنەکەسە) ناکات؟
پێت بۆچی ئەمریکا هیچ پشتیوانییەکی (ئەنەکەسە) ناکات؟
کۆمەڵی دادگەری: مانگی نیسان کۆنگرە دەبەستین
دوات کۆمەڵی دادگەری: مانگی نیسان کۆنگرە دەبەستین
پەیوەنیدر