ڕۆژئاوا لەسەر رێگە ڕاستەکەیە؟



هەروەك لە وتارێکی پێشووتردا ئاماژەمان پێکرد، ڕۆژئاوا لەبەردەم ڕۆژانێکی یەکلاکەرەوەی خۆیدایە، هۆشیاریپێدانە توندەکەشمان هەر لەو سۆنگەو بۆ خێرا خۆکۆکردنەوەو فریاکەوتنی ڕەوشەکە و دەستکاریکردنی هاوکێشەکان بوو. سووریاش بە قۆناغێکی ڕاگوزەری هەستیاردا  تێدەپەڕێت، دوای ڕووخانی دکتاتۆرییەت، سەرلەنوێ خۆی پێناسە دەکاتەوە. بڕیارە دەستوورێکی نوێ بنووسێتەوە و سیستم و ناسنامە نوێکەی تێدا دیاریبکات، بەم جۆرەش دەوڵەت بە واتایەك لە واتاکان (لەبەرئەوەی سووریا زیاتر لەوەی دەوڵەت بێت قەوارەی نێودەوڵەتیە) پایەکانی دادەڕێژرێتەوە.

هەموو ئەوەش دەیخاتە ڕوو، کە ئێمە لەو پارچەی نیشتیمانە پارچەکراوەکەماندا بۆ چەندین ساڵ و عەیامی تر، چارەنووسمان بە هەر شێوەیەك بێت دیاریدەکرێت، ناسکی قۆناغەکە و گەورەیی لێکەوتەکانیشی بەسەر کوردستانیانی ئەو پارچەو کۆی کێشەی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پێمان دەڵێت، هەموو هەڵەیەکی سیاسی و خراپ خوێندنەوەیەکی دۆخەکەو خراپ هەڵسەنگاندنی، کارەساتی بەدوادا دێت و قبووڵکراو نییە.

هەربۆیە، ساتەوەختەکە، هۆڵی تاقیکردنەوەیەکی سەخت و مێژوویی  وئەخلاقیی، عەقڵییەتی سیاسی کورد و هێز و سەرکردەو نوخبە کوردستانییەکان و دیاریکردنی ئاستی لێپرسراوێتی لەئەستۆگرتنیانە. ئەگەر توانای خۆڕاگریشمان بەگوێرەی پێویست و تاسەر هەبێت، وێنای گەلێکی خاوەن مەسەلەیەکی مێژوویی چارەسەر نەکراوی ڕەوا لەخۆمان نیشانبدەین، بتوانین لە بازنە سنووردارە حیزبی و ئایدۆلۆژییەکە بێینە دەرەوەو لە فەزایەکی نیشتیمانی کراوەدا هەناسە بدەین و بیربکەینەوە، دیلی ڕابردوو نەبین، کە لە هەندێ ئاستی سەرەتاییدا، سەرەتاکانی دەرکەوتوون و ئەوەش لە کۆبوونەوەکەی مەزڵوم عەبدی و وەفدی ئەنەکەسەدا بەرجەستە دەبێت، دەرفەتەکان هێشتا لەدەست نەچوون.

لەم چوارچێوەشدا، ئەگەر پرۆسەی ئاشتبوونەوەو ڕێککەوتنی پەیەدەو ئەنەکەسە لەسەر نەخشەڕێگەیەکی هاوبەش بەخێرایی بەئەنجام بگات، کە هێشتا ئاڵنگارییە، بەسەیرکردنیێکی گشتی و خێرای دیمەنە سیاسییەکە، ئەو باوەڕەمان لا دروست دەبێت کە رۆژئاوا جگە لە هەندێ شت کە وتارێکی تری بۆ تەرخان دەکەین، لەسەر ڕێگا ڕاستەکەیە. مەبەستمان لە ڕێگە ڕاستەکەش هاوکاتبوونی ئەم شتانەی خوارەوەیە؛

کرانەوە بەڕووی دیمەشق و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخە نوێکە و کەمکردنەوەی بەربەست و بیانووەکان، هەوڵدان بۆ یەکخستنی هەڵوێستی هێز و ناونیشانە کوردییەکان لەسەر ناوەڕۆکی داواکارییەکان و جۆری نوێنەرایەتیکردن، داوای دیالۆگ لەگەڵ تورکیا و بانگەوازکردن بۆ ئاگربەست، بەرێوەبردنی بەرگرییەکی سەر سەختانەی سەربازی دژ بە گرووپە شەڕەنگێزەکانی سوپای نیشتیمانی. لەم نێوەندەشدا هاتنەدەرەوەی هێزە کوردییەکانی ئەو پارچە لەژێر فشاری ئەو هاوکێشەو ناونیشانانەی لە ڕابردوودا حوکمی پەیوەندییەکانی نێوانیانی کردووە وسەرکەوتنی گفتوگۆکانی ئێستایان، بایەخێکی سیاسی وئەخلاقی و نیشتیمانیی یەکجار گەورەی هەیە، چونکە جگە لەوەی دەرگا بەڕووی ناحەزان بۆ وەبەرهێنانی سیاسی لە ناکۆکی نێوانیان دادەخات، یارمەتیەکی زۆری دۆستەکانیشمان دەدات و پێگەیان بەهێزتر دەکات و لە ئیحراجی ڕزگاریان دەکات.

لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کورد وەك گەلێکی خاوەن مافێکی زەوتکراو و مەسەلەیەکی چارەسەرنەکراوی ڕەوا، لە شانۆی سووریاو ناوچەکەدا ئامادە و نمایش دەکات، کە کێشەکەی پێویستی بە چارەسەری سیاسی و دابەشکردنی سەروەری ناوخۆییە، نەك وەك کۆمەڵێ خێڵی سیاسی لەبەرگی حیزبدا.

ئەم هەنگاوە لە حاڵەتی سەرکەوتنیدا مانایەکی نوێ بە بەرخۆدانە سەربازییەکەی ئێستاش دەدات و دەیخاتە چوارچێوە سیاسی و نیشتیمانییە سرووشتیەکەی خۆیەوە. بیانووی تورکیا کەم دەکاتەوەو خەباتەکە دەخاتەوە نێوبازنەی ڕۆژئاواو دەوڵەتی سووریا، ئەوەش دەرگای نوێ بۆ قسەکردن لەگەڵ تورکەکان و داوالێکردنیان بۆئەوەی خۆیان لەگەڵ بارودۆخی نوێی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بگونجێنن دەکاتەوە، بۆئەوەی دژ بە تەوژمی مێژوو لە ئێستادا سەبارەت بە نەتەوەی مەزنی کورد  نەوەستنەوە و لەبیری هاوپەیمانیکردندا بن لەگەڵیدا. کرانەوەش بەڕووی دیمەشق و ئامادەبوون بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکان دوای ڕێککەوتن لەسەر دەستوور و پێکهێنانی سووپای نوێی سووریا، جگە لەوەی دڵنیاکردنەوەی تێدایە، ئامادەیی نیشاندانیشە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخە نوێداکەداو خۆپێناسەکردن وەك بەشێ لە شۆڕشی گەلانی سووریا، هەروەها پەیامناردنێکی ئەرێنیشە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەرێمی.

بەکورتی، ئەگەر مەسەلەکە بەم جۆرە بڕواتە پێش، کورد توانای ڕێکخستنی ڕیزەکانی و کۆکردنەوەی سەرجەم توانا نیشتیمانییەکانی هەبێت، بتوانێت بەرگری لەخۆی و دەستکەوتەکانی و هێزەکەی تا نووسینەوەی دەستوور بکات، سەرەنجام چاوەڕێ دەکرێت تورکیاش بهێنێتە سەرخەت. بەحوکمی ئەوەی ئەوانەی حوکمی تورکیا دەکەن، کەسانێکی پراگماتین، هەرکاتێك زانیان ئەوەی دەیانەوێت ناتوانن لە ڕێی جەنگ و هێزی زبرەوە بەدەستی بهێنن، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، هەوڵدەدەن خۆیان لەگەڵ دۆخ و جەبرە نوێکان بگونجێنن و پەیوەندییەکان لەسەر دید و بناغەیەکی نوێ لەگەڵ نەیارە کۆنەکانیان دابڕێژنەوە. باشووری کوردستانیش لەم ڕووەوە نموونەیەکی زیندووە. بۆنموونە، کاتێك کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی دامەزرا هەڕەشەی خاپوورکردنیان لێکرد، بۆئەوەی کوردی باشوور کارنەکاتە سەر باکوور و دەنگیشی بە دنیا نەگات، وەك گەلێکیش دەرنەکەوێت توانای سوودوەرگرتنی لە تەکنەلۆژیاو ئامرازەکانی جیهانگیری هەیە و دەتوانێت لەم جیهانەدا ئامادە بێت. هەروەها دژایەتی کردنەوەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بوون لە هەرێم، بەحوکمی ئەوەی پێیان وابوو ڕواڵەتێکی سەربەخۆییە و نابێت لە هەرێمدا بوونی هەبێت کەچی دواتر وازیان لەم چیرۆکانە هێناو لەسۆنگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیانەوە چوونە نێو پەیوەندییەکی ئابووری و سیاسی و ئەمنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا گەرچی لەڕووی تیۆرییەوە تائێستا ئامادەی داننان بە هەندێك شتدا نین.

بۆیە ئەوەی بەپلەی یەکەم لەم هاوکێشەدا گرنگە خۆمانین، توانای خۆمانە لەمەر کۆکردنەوەی تواناکان و وەلانانی ناکۆکی و کینەکان، ئیدارەدانێکی عەقڵانی ململانێکان لە قۆناغی ڕاگوزەریدا، متمانەبوونە بەخۆمان، چونکە کورد تا ئەم ساتەوەختەش سەرەڕای هەموو ناکۆکی و کێشەکانمان لە دوو پارچەدا بەشی خۆی هێز و ئەکتەری نادەوڵەتیە، چاوەرێ دەکرێت دوو بەشەکەی تریش هەریەکەو بەتایبەتمەندی خۆیەوە لە ئاییندەدا وێنەکە لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراستدا تەواو بکەن. بۆ یەکەم جاریش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی نەك هەر دوژمن و ڕێگر نییە، بەڵکو لانی کەم تێگەیشتنی بۆ ئەم واقیعە هەیەو لەهەندێ ئاستیشدا پشتیوانە.

لە هێرشێکی ئیسرائیلدا پێنج ڕۆژنامەنووس کوژران
پێت لە هێرشێکی ئیسرائیلدا پێنج ڕۆژنامەنووس کوژران
کەشناسی: پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و بەفر و لێزمەباران دەبارێت
دوات کەشناسی: پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و بەفر و لێزمەباران دەبارێت
پەیوەنیدر