ڕۆژنامەیەکی بەریتانی ئاشکرای دەکات کە باری تەندروستی ئەسما ئەسەد، هاوسەری بەشار ئەسەد بە هۆی تووشبوونی بە شێرپەنجەی خوێنەوە تێکچووە.
ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە خانەوادەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی لەکارلابراوی سووریاوە بڵاویکردەوە، ئەسما ئەسەد بە هۆی تووشبوونی بە شێرپەنجەی خوێنەوە باری تەندروستی تێکچووە و پزیشکەکانی پێیانوایە 50٪ ئەگەری مانەوەی لە ژیاندا ماوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەسما ئەسەد کە لە دوای هەڵاتنیان لە سووریا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا دەژین، لە ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی جیاکراوەتەوە و باوکیشی چاودێریی دەکات.
مانگی ئایاری ڕابردووش سەرۆکایەتی ڕژێمی پێشووی سووریا بڵاویکردەوە کە ئەسما دوای ئەوەی لە ساڵانی 2018-2019دا چارەسەری شێرپەنجەی مەمکی وەرگرتووە، تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە.
بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە دەربارەی تێکچوونی باری تەندروستی ئەسما دوای ئەو ڕاپۆرتانە دێن کە باسیان لە بێزاربوونی لەو ڕێکارانە دەکرد کە لە مۆسکۆدا بەسەریاندا سەپێنراون و لەگەڵ داواکردنی جیابوونەوە لە بەشار ئەسەد، هەوڵیداوە چارەسەرییەکەی بۆ لەندەنی پایتەیختی بەریتانیا بگوازرێتەوە.